دەستەی گەشتوگوزار: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 3.1 ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

07-07-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزاری شارەکان ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ پشووەکانی رۆژانی جەژنی قوربان. ئاشکراشیکرد، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە سێ ملیۆن و 112 هەزار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-07-2022، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ جەژنی قوربان بە رووداوی راگەیاند: "وەکو دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە رامانسپاردوون ئامادەکارییەکانمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی بزانین چی کراوە بۆ ئەوەی پێشوازی لە گەشتیار بکەین، دیارە بە سوپاسەوە ساڵ بەساڵ ئاستی گەشتیار لەڕووی رێژەوە بەرز دەبێتەوە، بەڵام لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بە بەردەوام ئێمە لە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و چاودێریکردنی رەوشی گەشتیارین بۆ ئەوەی بزانین گەشتیار تاوەکو چەند رازییە".
 
بە بڕوای ئەمەل جەلال "لەبەر ئەوەی وەرزی هاوینە، بە تایبەت لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە گەشیاران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بازگەکان و دەروازەکانەوە تیمی تایبەت پێکهێندراوە و تیمەکانیان راسپاردوون کە دەبێت بە جوانترین و باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت و چاودێری رەوشیان بکرێت لەڕووی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە."
 
بە گوتەی ئەمەل جەلال، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە بەدەستیان گەیشتووە، زیاتر لە سێ ملیۆن و 112 هەزار و 500 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
ئەمەل جەلال پێیوایە بۆ ئەم جەژنەش پێشبینی دەکەن "گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. پێشنینی ئەوەش دەکەین ئەمساڵ ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆرتر بێت".
 
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە هەر گەشتیارێک لەکاتی هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجی دەکات، ئەمەل جەلال دەڵێت: "لەبەر ئەوەی سیستمی بانکیمان نییە بۆ ئەوەی بزانین داهاتی هەرێمی کوردستان لەڕووی گەشتیارییەوە چەندە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان کەمترینی لەنێوان 250-300 دۆلارە، بەرزترینشی زیاتر لە هەزار دۆلارە".
 
لەبارەی داخستنی چێشخانە و میوانخانە و نانەواخانەکان لە رۆژانی جەژندا، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان گوتی: "رێگەپێدراو نییە ئەو شوێنانە دابخرێن، لەگەڵ پارێزگارە بەڕێزەکان جەختمان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت تەواوی دووکان، بازاڕ، نانەواخانە، چێشتخانە، میوانخانە و هۆتێلەکان بە کراوەیی بمێننەوە، چونکە زۆرترین گەشتیار لە بۆنە ئایینی و نیشتمانییەکاندا روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە