قۆناخی دووەم و سێیەمی تۆماری بایۆمەتری دەستپێدەكات
رووداو دیجیتاڵ
سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند لەم هەفتەیەدا قۆناخی دووەم و سێیەمی سیستەمی تۆماری بایۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
د.عەبدولحەكیم خەسرۆ، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاشكرای كرد رۆژی چوارشەممە 8-7-2020 قۆناخی دووەم و سێیەمی سیستەمی بایۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. و د.عەبدولحەكیم خەسرۆ دەڵێت قۆناخی دووەم و سێیەمی سیستەمی بایۆمەتری سوودی زۆری دەبێت بۆ رێكخستنەوەی سیستەمی میلاكاتی وەزارەتەكان و رێكخستنەوە سیستەمی مووچە و نەهێشتنی ئەوەی پێدەگوترێ "بندیوار".
هەر لە بەرنامەكەدا سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەكرد، بە سەرجەم دەرماڵەكانی فەرمانبەراندا دەچنەوە كە نزیكەی 24 جۆر دەرماڵە هەیە و 56%ی مووچە بۆ دەرماڵەكان دەڕوات. د.عەبدولحەكیم خەسرەو دەڵیت: "دەبێت پێداچوونەوە بە دەرماڵەکاندا بکرێت، بەڵام دەرماڵە جێگیرەكان دەستكاری ناكرێن".
د.عەبدولحەكیم خەسرەو، باسی لە رێكخستنەوەی كاری پاسەوانی كرد و گوتی: "بەپێی یاسای چاكسازی سەرجەم پاسەوانەكان، جا پاسەوانی بەرپرسان بن یان بارەگا حیزبی و حكومییەكان، میلاكیان دەخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەشێك لەوانە مووچەشیان زیاد دەكات".
هەر لە بەرنامەكەدا د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان گوتی ئەوان وەك دەستەی دەستپاكی بە وردی چاودێری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن: "بەتایبەت لیستێك لەلای ئێمەیە ناوی زیاتر لە 460 كەسی تێدایە كە بە پلەی باڵا خانەنشین بوون و ئەو پۆستانەشیان نەبینیوە كە پێی خانەنشین كراون، بۆیە دەبێت پێداچوونەوەكان وردبن، بەجۆرێك دادپەروەریان تێدا بەدی بێت".
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، ئەوەی خستەڕوو بەپێی یاسای چاكسازی بێت، دەبێت سندوقی خانەنشینی كارا بكرێتەوە كە: "ئێستا یەك دیناری تێدا نییە"و گوتی: "لە یاسای چاكسازی تەنیا باس لە چاكسازی لە خەرجی كراوە، دەبێت حكومەت چاكسازی لە داهاتیش بكات".
بژار كۆچەر، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە ستودیۆی دهۆكەوە بەشداری لە بەرنامەکەدا كرد، گوتی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم یاسای چاكسازی دەبێتە هۆكاری ئەوەی حكومەت بتوانێ لە هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكات. هەروەها گوتی: "پێویستە كەرتەكانی دیكەش چاكسازییان تێدا بكرێت".
قۆناخی یەکەمی تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2016 دەستیپێکرد، لە قۆناخی یەکەمدا ناوی یەک ملیۆن و 250 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە سیستمەکەدا تۆمارکران. سیستمەکە توانای تۆماركردنی 30 ملیۆن كەسی هەیە.
سەفین غەفوور، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری تۆماری بایۆمەتری پێشتر بە رووداوی گوتبوو، کە تێچووی قۆناخی یەکەمی بایۆمەتری سێ ملیار دینار بووە. سەبارەت بە قۆناخی دووەم و سێیەمیش گوتبووی "18 مانگمان بۆ جێبەجێكردنی هەردوو قۆناغەكە داناوە و داوای پێنج ملیۆن دۆلاریشمان كردووە".
یاسای چاكسازی لە 19 ماددە پێكهاتووە و لە 16-01-2020 لەلایەن پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا و 3- 2-2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرد. لە سەرەتای ئەم مانگەوە حکومەت دەستی بە جێبەجێکردنی یاساکە کردووە.