مەسروور بارزانی: تیرۆرکردنی هیشام هاشمی بە تووندی شەرمەزار دەکەم

 
 
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی کوشتنی شرۆڤەکاری سیاسی هیشام هاشمی رایگەیاند، "بە تووندی تیرۆرکردنی شەرمەزار دەکەم".
 
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیاماکەیدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هیشام هاشمی و هاوکارانی دەکات.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوادەخوازێت "بکەرانی ئەو تاوانە بە زووترین کات بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن".
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 06-07-2020 ، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی رووداو لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکراوە و تیرۆرکرا. هیشام هاشمی هیشام هاشمی لە دوایین توویتەکانی ئاماژەی بەوە داوە کە هێزە هاوبەشەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەیەکەوە بەنیازی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سنووردارن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدژی چەکدارانی داعش. 
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 07-07-2020 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان توویتێکی لەبارەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی بڵاوکردەوە و دەڵێت "به‌ تووندی سه‌رکۆنه‌ی تیرۆرکردنی لێکۆڵه‌ر و پسپۆڕی ئه‌منیی عێراقی هیشام ئه‌لهاشمی ده‌که‌م که‌ دوێنێ لە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراودا له‌ به‌غدا تیرۆر کرا." 
 
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) سەرکۆنەی کوشتنی هیشام هاشمی کرد و رایگەیاند، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بە هەواڵی کوشتنی د. هیشام هاشمی تووشی شۆک بوو. دەشڵێت "زۆر بە تووندی ئەم تاوانە قێزەون و ترسنۆکانە سەرکۆنەدەکەین و داوا لە حکومەت دەکەین زوو ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزێتەوە و سزایان بدات."
 
هەروەها بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنە و ئیدانەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمیان کرد و رایانگەیاند کە دەبێت تاوانباران بەزووترین کات بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا. 
 
هیشام هاشمی لە مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی نووسراو گرێبەستی بوون بە گۆشەنووسێکی هەفتانەیی لەگەڵ رووداو واژۆکرد و چەند وتارێکی تایبەتی لە رووداو بڵاوکرانەوە. تۆڕی میدیایی رووداو لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی تیرۆرکردنەکەی کرد و رایگەیاند، د.هیشام هاشمی؛ هاوکارێکی بەردەوامی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. "ئێمە لە کاتێکدا هاوبەشی خۆمان لەگەڵ خەمی بنەماڵەکەی و، لێکۆلینڤان و رۆژنامەڤانان و رۆشنبیرانی عێراق دەردەبڕین، لە هەمانکاتدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین تاوانباران بدۆزێتەوە و بیانداتە دادگا."