وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی گشتپرسی رێنمایی بۆ مزگەوتەکان دەردەکات
رووداو - هەولێر
دوای راگەیاندنی کاتی ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری کوردستان، مامۆستایانی ئایینیش وەکو توێژێکی کاریگەری کۆمەڵگە، را و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو پرۆسەیە دەردەبڕن و وەزارەتی ئەوقافیش سەبارەت بە گشتپرسی رێنمایی بۆ مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی دیكە دەنێرێت.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهەموو هێز و توانایەك مامۆستایانی ئایینی بە بەڵێ بەشداری لە پرۆسەی گشتپرسی دەكەن، بە واجبێكی ئایینی، نیشتمانی و نەتەوەییشی دەزانین. لە داهاتوویەكی نزیكیشدا رێنمایی پێویست بۆ مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکانی دیكە دەنێرین".
هەرچەندە وەزارەتی ئەوقاف هێشتا گشتاندنی بە رێنمایی لەبارەی گشتپرسی نەكردووە، بەڵام زۆربەی مامۆستایان و کەسایەتییە دیارە ئایینییەکان را و، بۆچوونی خۆیان لەوبارەوە خستووەتەوە روو.
عەبدولـلەتیف سەلەفی، رێبەری رەوتی سەلەفی لە هەرێمی كوردستان دەڵێ "من، گشتپرسی وەکو خۆی سەیر دەکەم، نەوەک وەکو بازاڕێکی سیاسی کە لەئارادایە. ئەم پرسە کە دەکرێت، بۆ ئەوەی میللـەتی کورد سەربەخۆ بێت من 100% لەگەڵیدام... هەر کەسێک حەز نەکات و هەوڵنەدات کورد سەربەخۆ بێت، دیارە کوردێکی رەسەن نییە".
لەو وڵاتانەی زۆرینە موسوڵمان یاخود کریستیانن، دامەزراوە و کەسایەتییە ئایینییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پرسە چارەنووسسازەکان و، گشتپرسی و بڕیاری سەربەخۆیی:
لە گشتپرسی ساڵی 1979ی ئێران
98%ی خەڵکی دەنگیان بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی ئیسلامی دا
گشتپرسی ساڵی 1993ی ئەریتریا
99.8%ی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی ئەریتریا و جیابوونەوە لە ئەسیوبیا دا
گشتپرسی تشرینی یەکەمی 2005ی دەستووری عێراق
78%ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان دا
گشتپرسی ساڵی 2011ی دەستووری میسر
77%ی بەشداربووان بە بەڵێ بۆ گۆڕانکارییەکان دەنگیان دا
گشتپرسی تەمموزی ساڵی 2011ی مەغریب
98%ی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان بۆ گۆڕانکارییە دەستوورییەکان دا
گشتپرسی ئەیلوولی 2014ی سکۆتلاند
55%ی دەنگدەران بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی دەنگیاندا
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری پارتەكانی بەشدار لە پەرلەمان و حكومەت، (جگە لە گۆڕان و كۆمەڵ) كۆبووەوە، بڕدرا رۆژی 25-9-2017 گشتپرسی بۆ سەربەخۆی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی راسپێردراوە کارەکانی گشتپرسییەکە رایی بکات و بودجەی پێویستیشیان بۆ دیاری کراوە.