لە دەربەندیخان تانکەرێکی سووتەمەنی گڕی گرت و دوو کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی وەرگەڕانییەوە تانکەرێکی سووتەمەنی لە قەزای دەربەندیخان گڕی گرت و بە گوتەی قایمقامی قەزاکە جگە لە برینداربوونی دوو کەس، زیانێکی زۆری دارایی گەیاندووە و هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
 
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، 07-06-2024 روویدا. سڵێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تانکەرێکی سووتەمەنی کە نەفتای بارکردووە لە سلێمانییەوە هاتووە بۆ نێو دەربەندیخان، دوای دەربازکردنی تونێلی شارەکە لەنێو دەربەندیخان وەرگەڕا و بەهۆیەوە بارەکەی رژایە سەر شەقامەکە و ئاگری گرت."
 
سەبارەت بە زیانەکان قایمقامی قەزای دەربەندیخان گوتی: "بەهۆی رووداوەکە شۆفێری تانکەرەکە و کەسێکی دیکەی سەرنشین برینداربوون و لە نەخۆشخانەن." گوتیشی: "بەهۆی سووتانی تانکەرەکەوە زیانێکی زۆری دارایی بە ماڵەکان و ژینگە کەوتووە."
 
وەک قایمقامی دەربەندیخان باسی دەکات، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
 
دەربەندیخان یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی و رێگەیەکی سەرەکیی بەستنەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە عێراقەوەیە، زۆر جار لەنێو تونێلەکەیدا رووداوی هاتووچۆ و روودەدات. بەهۆی رووداوەکانەوە چەند جارێک تونێلەکە نۆژەنکراوەتەوە.