داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە 71٪ کەمیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

داهاتە نانەوتییەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەراورد بە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو 71٪ کەمیان کردووە.
 
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت کە تایبەتە بە تۆمارکردنی داهاتەکانی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، لەم هەفتەیەدا، واتە لە 1 تاوەکو 7ـی حوزەیرانی 2024، داهاتەکان 11 ملیار و 800 ملیۆن دینار بوون.
 
لە کاتێکدا ئەو داهاتانە لە هەفتەی رابردوودا، واتە لە 25ـی تاوەکو 31ـی ئایار 40 ملیار و 870 ملیۆن دینار بوون، بەو پێیە داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی ئەو دەڤەرە 29 ملیار و 69 ملیۆن دینار و بە رێژەی 71.1٪ کەمیانکردووە.
 
86%ی داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە نەختینە و 14٪ بە چەک بووە.
 
بەپێی ماڵپەڕەکە داهاتەکانی مانگی رابردووی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە 71 ملیار و 196 ملیۆن دینار بووە.
 
ئەو داهاتانە داهاتی گەنجینەکانی یەک، دوو، چەمچەماڵ، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە و فەرمانگەکانی 28 وەزارەت و دەستەن. لەوانە دوو دەستە، 109 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، 516 بەڕێوەبەرایەتی، 781 فەرمانگە و چوار هۆبە.
 
ئەو داهاتانەش بریتین لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، ئۆتۆمبێل، تابلۆ، داهاتی شارەوانییەکان، رسووماتی بەخشین و ژینگە. داهاتەکانیش بەشێوەی نەختینەن، چەک و لەبری (مەقاسە) وەرگیراون.
 
رۆژی پێنجشەممە 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، ماوەیەک بوو یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد و ناوی لێنابوو "سیستمی چاودێری و رێکخستنی داهاتی فەرمانگەکان".