گومرکی کرماشان: لە 2 مانگدا 581 ملیۆن دۆلار هەناردەمان هەبووە

07-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە دوو مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە ساڵی پار 13٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 581 ملیۆن دۆلار.
 
رۆژی هەینی، 7ـی حوزەیرانی 2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و 152 هەزار و 702 تۆن کەلوپەل بە بەهای 581 ملیۆن و 451 هەزار و 558 دۆلار لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگا هەناردە کراوە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، بەراورد بە ساڵی پار، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە لەڕووی نرخەوە 13٪ زیادی کردووە، بەڵام لەڕووی کێشەوە 2٪ کەمیکردووە.
 
بە گوتەی عەباسزادە، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە هەناردە کراون، بریتین لە؛ ئاسن، شیشی ئاسن، کاشی، سیرامیک، بەردی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و مێوە.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی گومرگی ئێران، ساڵی رابردوو لە پارێزگای کرماشان بڕی حەوت ملیۆن و 273 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەناردە کرابوو، زۆرترینیان لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بوو، کە 2 ملیۆن و 788 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای ملیارێک و 234 ملیۆن دۆلار بوو.
 
هەروەها بەپێی هەمان ئامار، ساڵی پار لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە یەک ملیۆن و 856 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 933 ملیۆن دۆلار، لە دەروازەی سنووریی سەومار، یەک ملیۆن و 686 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 815 ملیۆن دۆلار، لە دەروازەی سنووریی شێخ سڵە، 625 هەزار تۆن بە بەهای 371 ملیۆن دۆلار و لە دەروازەی سنووریی شووشـمێوە 318 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 47 ملیۆن دۆلار هەناردە کرا.
 
پارێزگای کرماشان 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە. پارێزگاکە پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دەروازەیەک دەکەوێتە سەر سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە. 
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، دەروازەکانی سەومار و خوسرەویش دەکەونە سنووری قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە