رووداو دیجیتاڵ
مشتومڕی قەییوومکردنی شارەوانیی جۆلەمێرگ لە پەرلەمانی تورکیا پێی نایە چوارەمین رۆژی. وەزیری دادی ئەو وڵاتە دەڵێت: "دەستوور رێگەمان پێدەدات رێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک بگرینەبەر کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت". پەرلەمانتارێکی دەم پارتیش باس لەوە دەکات، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە سزا دراون و سزا دەدرێن.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی (7ـی حوزەیرانی 2024)ی پەرلەمانی تورکیادا گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی دەم پارتی و ئاکپارتی لەسەر بابەتی زیندانیکردنی محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی جۆلەمێرگ کە ئەندامی دەم پارتییە لەگەڵ قەییوومکردنی شارەوانییەکە دروستبوو.
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری رووهای فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەدا رووی دەمی کردە پەرلەمانتارانی دەسەڵات و گوتی: "لێرە فرمێسک بۆ غەززە دەڕێژن، بەڵام سیاسەتی ئیسرائیل لە غەززە لەنێو جۆلەمێرگ جێبەجێ دەکەن. لێرە باس لە سیاسەتی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام رێز لە ویستی خەڵکی هەکاری (جۆلەمێرگ) ناگرن. ئەوە بانێک و دوو هەوایە؛ مافی دەنگدان و خۆبەربژێرکردنیان لە خەڵکی هەکاری زەوت کردووە."
عومەر ئۆجەلان باسی لەوە کرد، ئەو یاسایەی لە ئەنقەرە جێبەجێ دەکرێت هەمان ئەو یاسایە نییە لە جورنێ رەشی رووها و جۆلەمێرگ جێبەجێ دەکرێت؛ گوتیشی: "هەر کاتێک هاووڵاتییەک دەم دەکاتەوە دەستبەجێ بە تۆمەتی ئەندامبوون، بانگەشەکردن، هاوکاریکردنی پەکەکە سزا دەدرێت. سەرووی یەک ملیۆن هاووڵاتی بەم سێ تۆمەتە داوای یاسایی دژیان تۆمارکراوە و خراونەتە زیندان. بەڵام بابەتەکە پەکەکە نییە، بەڵکو نکۆڵیکردنە لە گەلی کورد کە سیاسەتێکە 100 ساڵە بەردەوامە."
هاوکات، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لەبارەی قەییوومی شارەوانی جۆلەمێرگ رایگەیاند: "دەستووری تورکیا زۆر بە راشکاوی پێمان دەڵێت، دەبێت رێکاری یاسایی پێویست دژی هەر کەسێک بگیرێتەبەر کە پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەبێت. یاسای حکومەتە خۆجێییەکانیش لە دوو مادەی جیاوازدا هەمان دەسەڵاتمان پێ دەدات".
رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2024، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگیان بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر (پەکەکە) دەستگیرکرد. هەمان رۆژ قەییووم بەسەر شارەوانیی جۆلەمێرگ دانرا.
رۆژی 5ـی حوزەیران، یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی جۆلەمێرگ، ئاکشی بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ