حەوت سەرچاوەی مێژوویی: ئێزدی کوردن

07-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوا لە پەرلەمان دەکان پێشنیازەیاسای (نەتەوەی ئێزدی) بخرێتە بەرنامەی کاری داهاتووی پەرلەمانەوە، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژووی جەخت لە کوردبوونی ئێزدییەکان دەکەنەوە. زۆربەی کەسایەتییەکانی کوردی ئێزدیش دژی ئەو هەوڵەن.
 
سەبارەت بە کوردبوونی ئێزدییەکان، بەدەر لە راستییەکانی ئێستا، چەندین بەڵگەنامەی مێژوویی هەن کە لێرەدا ئاماژە بە بەشێکیان دەدەین:
 
- دوو کتێبی پیرۆزی "جیلوە" و "مسحەفا رەش" بە زمان و رێنووسی کوردین.
 
- شەرەفخان بەدلیسی، مێژوونووسی کورد لە کتێبی شەرەفنامەدا کە لە نێوان ساڵانی (1597-1599)دا نووسیویەتی: "ئێزیدییەکان کوردن."
 
- ساڵنامەی دەوڵەتی عوسمانی، لە یەکەم ساڵنامەیدا کە لە ساڵی 1847 دەرچووە، ئێزدییەکانی وەک کورد ناساندووە.
 
- راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بارەی موسڵ، کە لە ساڵی 1925 ئامادە کراوە، دەڵێت: ئێزدییەکان بە کوردی قسە دەکەن و پەرستشەکانیان بە کوردییە.
 
- مارک سایکس، دیپلۆماتکاری بەریتانی کە لە نێوان ساڵانی (1879-1919)دا ژیاوە، دەڵێت: "ئێزدییەکان بە کوردی قسە دەکەن و بەو زمانە عیبادەت دەکەن و بە گوتەی ئەوان خوداکەیان بە کوردی قسە دەکات."
 
- دائیرەتولمەعاریفی ئیسلامی ئاماژە بەوەکات دانیشتوانی شنگال، کوردانی ئێزدین.
 
- لە نەخشەی کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانەی بەریتانیادا لە ساڵی 1910، کورد و ئێزدی بە یەک رەنگ نیشان دراون.
 
بەگوێرەى نووسراوێک، کە واژۆى 182 پەرلەمانتارى عێراقى بەسەرەوەیە، داوا لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان کراوە، پڕۆژەیاساى نەتەوەى ئێزدی گەڵاڵە بکرێت، داواکارییەکە لەلایەن نایف خەڵەف سیدۆ، پەرلەمانتارى ئێزدى لە پشکى نەینەوا پێشکێش کراوە. بەڵام کەسایەتییەکانی کوردی ئێزدی دژی ئەو هەوڵەن.
 
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، لەبارەی ئەو پێشنیازەوە بە رووداوی گوت: "بەڕاستی کارێکی خراپە، دەبێ ئێزدییەکان هەڵوێستیان هەبێ، چونکە خزمەتیان ناکات."
 
حەیدەر شەشۆ دەڵێت: "هەر پیلانێک کورد لە کوردستان داببڕێت، ئێمە دژی دەوەستین، ئەمەش تەنیا دوژمنکارییە. پێشێلکاریی نەتەوەییە و دەستی دەرەوەی نەتەوەی کوردی لە پشتە. ئەو گرووپە دەستیان تێدایە کە ساڵانێکە یاری بە هەستی ئێزدییەکان دەکەن، ئەمە رەنگە بۆ بابەتی بانگەشە و چەواشەکردنی خەڵک بێت."
 
میری ئێزدییان و ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییەکان، کە گەورەترین پێگە و دەسەڵاتی کوردی ئێزدییانە، تاوەکو ئێستا هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە. 
 
حەیدەر شەشۆ گوتی: "چاودێریی دۆخەکە دەکەین، رەنگە پیلانەکە سەرنەگرێت، ئێمە بەپێی دەستوور وەکو پێکهاتەی ئایینی ناسێنراوین وەکو بەشێک لە نەتەوەی کورد، هەر هەنگاوێک لەو رووەوە بنرێت، بێگومان هەڵوێستمان دەبێت."
 
داواکاریی 182 پەرلەمانتارەکە، ئاراستەى لیژنەى یاسایی پەرلەمانی عێراق کراوە. بەڵام ئیبراهیم میرانى، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو داواکارییە نایاساییە، چونکە ئێزدییەکان ئایینن نەک نەتەوە و گەلى عێراقیش لەسەر بنەماى نەتەوە دابەش نەبووە."
 
بەشێک لەپاساوى ئەو داواکارییە بۆ گەڵاڵەکردنى پڕۆژەیاساکە، قەرەبووکردنەوەى ئێزدییەکانە بەهۆى ئەو کۆمەڵکوژییەى لەلایەن داعشەوە رووبەڕوویان بووەتەوە، ئیبراهیم میرانى دەڵێت: "ئێمەش لەگەڵ ئەوەین کە ئێزدییەکان قەرەبوو بکرێنەوە و بەرگریکارى سەرەکى بووین لەو پرسە" .
 
پێشتر لە 18ى تشرینى دووەمى 2023 نایف خەڵەف سیدۆ نووسراوێکى ئاڕاستەى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە، داواى کردووە  فەرمان بدرێت بە دامەزراوە فەرمییەکان کە وەک ئایین و نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان بکرێت.
 
لە 5ى ئایارى 2024 د. کازم کەریم، یاریدەدەرى بەرێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى یاسایی لە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران وەڵامى ئەو نووسراوەى نایف خەڵەفی داوەتەوە و دەڵێت: "بەگوێرەى دەستوور ئێزدییەکان وەک ئایین هەژمارکراون و ئاماژەى تێدا نییە، کە وەک نەتەوە هەژمار بکرێن."
 
مێژوونووسێکی ئێزدی: درێژکراوەی هەوڵە شکستخواردووەکانی دیکەیە
 
داود خەتاری، مێژوونووسی کوردی ئێزدی، کە خاوەنی 70 کتێبە و زۆربەیان لەبارەی مێژووی کوردانی ئێزدی و ئایینەکەوەیە، بە رووداوی گوت: "هەوڵێک لەلایەن هەندێ کەسەوە هەیە بۆ ناساندنی ئێزدییەکان بە نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد، ئەمە هەوڵێكی شکستخواردووی درێژکراوەی هەوڵەکانی پێشووە و سەرناگرێت، ئێمە پێمان سەیرە پەرلەمان خۆی لەم جۆرە بابەتانە هەڵدەقورتێنێت، ئەمە کاری پەرلەمان نییە."
 
خەتاری پێیوایە "ئەم پێشنیازە جگە لە نانەوەی دووبەرەکی و دووفاقییەکی روون، هیچ ئامانجێکی نییە."
 
بە گوتەی ئەو مێژوونووسە "ئێزدییەکان بە نەتەوە کوردن، بە ئایین ئێزدین، ئەمە سەرچاوە مێژووییەکان هەموویان باسیان کردووە، لە کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ. کوردبوونی ئێزدییەکان بۆ ئەوە نییە بکرێتە کەرەستەی سیاسی، ئەوە بڕاوەتەوە کە ئێزدییەکان کوردن."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا: لالش ڤاتیکانی کوردانە
 
سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا دەڵێت ئەو پێشنیازەی لە بارەی بە نەتەوەناساندنی کوردی ئێزدی پێشکەشی پەرلەمان کراوە "نایاساییە."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیانی سووریا بە رووداوی گوت: ''ئێمە دژی ئەم پێشنیازەین، ئەم بڕیارە نەک تەنیا لە دژی کورد و کوردستان، بەڵکو لە دژی هەبوونی ئێزدییانیشە''.
 
سەرحان عیسا، داوا لە ئێزدییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات سوود لە ئەزموونی کوردانی ئێزدیی سووریا وەربگرن کە لە ساڵی 2011ـوە لە پڕۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا بەشدارن.
 
سەرحان عیسا، لالشی ئێزدییەکان بە "ڤاتیکانی کوردان" ناو دەبات و دەڵێت: "قبووڵکراو نییە نەتەوە و ناسنامەی ئێمەی ئێزدی بخەنە ژێر پرسیار و بڵێن کورد نین.''
 
بەگوتەی سەرحان عیسا، پێشتر لەلایەن عەرەبەوە، پێشنیازی لەو شێوەیە بۆ کوردی ئێزدیی سووریاش پێشکێش کراوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە؛ دەشڵێت، ''ئێستا ئێزدییان لە تواندنەوەیەکی بێسنووردان، تەنانەت لە ئەورووپا و ئەڵمانیاش هەوڵدەدرێت ئێزدی لە کورد جیا بکەنەوە.''
 
وەک سەرحان عیسا دەڵێت، بڕیارە رۆژی 27ـی حوزەیران ئەنجوومەنی ئێزدیی سووریا، لەگەڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆببێتەوە کە بابەتی ئەو پێشنیازەی نایف خەلەف سیدۆی تێدا باس دەکرێت.
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە