رووداو دیجیتاڵ
لە بەیانیی ئەمڕۆوە سوپای تورکیا تۆپباران و بۆردوومانی چیای مەتین لە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکات. سوپای تورکیا دەڵێت، دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە. پەکەکەش دەڵێت، دوێنێ شەش سەربازی تورکیایان کوشتووە.
هێزێن پاراستنا گەل - هەپەگە کە باڵی چەکداریی پەکەکە یە، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دوێنێ هێرشیان کردووەتە سەر دوو خاڵی سوپای تورکیا و شەش سەربازیان کوشتوون.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانییان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ گیانلەدەستدانی دوو گەریلای لێکەوتووەتەوە.
فایەق بەلاڤەیی، دانیشتووی گوندی بەلاڤە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ شەو و شەوی پێشتر گەریلاکانی پەکەکە لە سۆرا سگێرێ هێرشیان کردە سەر چەند خاڵێکی سوپای تورکیا و دەنگی شەڕی لە سنووری هەر چوار گوندەکانی بەلاڤە، سگێرێ، بەرچی و سەرگەلی بیستراوە."
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی کە لە بەیانیی ئەمڕۆوە سوپای تورکیا دەستی بە تۆپباران و بۆردوومانی چڕی چیای مەتین کردووە و بەهۆیەوە ئاگر لە پاوانی چوار گوند کەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ