لە کەرکووک تەقە لە هێزێکی پۆلیس کرا؛ کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر نزیکەی 07:00 بەیانیی رۆژی هەینی لە کەرکووک دوو چەکدار کە سەرنشینی ماتۆڕسکیلێک بوون، دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس دەکەن، بەهۆیەوە پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکە بریندار بوو.
رۆژی هەینی، 07-06-2024 هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لە کەرکووک گوتی: "رووداوەکە لە بازاڕی مەزادخانەی کۆن روویداوە و دوای دەستڕێژەکە ماتۆڕسوارەکان هەڵهاتوون."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دواتر هێزە ئەمنییەکان بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لە ماتۆڕسوارەکان لە شوێنێکی نزیک رووداوەکەیە و نەیتوانیوە دووربکەوێتەوە، لە چەند شوێنێکی جیادا بۆسەیان بۆ داناوە، دواتر لە نزیک نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرکووک ماتۆڕسوارەکە دەکەوێتە نێو بۆسەکە و بە "تەقەی هێزە ئەمنییەکان" بە برینداری دەستگیر دەکرێت.
شایەتحاڵێک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "هەندێ تەقەکرا، کە هاتینە دەرەوە پۆلیسەکان گوتیان بریندارمان هەیە و دەیبەینە نەخۆشخانە."
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، کە تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراون و وردەکاریی رووداوەکە دیار نییە، بەڵام "ئەوەی بە دەستی ئێمە گەیشتووە، ئەو پۆلیسەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە ناوی عەلی ئەرکانە و ئەوی دیکەش کە بریندار بووە ناوی گەیلان عادلە."