رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، زیاتر لە 20٪ی پۆلەکانی خوێندنی ئەم پارێزگایە کۆن و بێکەڵکن و پێویستە بڕووخێنرێن، یان نۆژەن بکرێنەوە.
قەهرەمان رەحمانی، بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ، ئەمڕۆ چوارشەممە 07-06-2023 رایگەیاند، بەگشتی 4 هەزار و 37 پۆلی خوێندنی ئەم پارێزگایە دەبێت بڕووخێنرێن یان نۆژەنکردنەوەیان پێویستە.
بەگوتەی قەهرەمان رەحمانی، 3.8٪ی پۆلەکانی خوێندنی پارێزگای ورمێ کە دەکاتە 754 پۆلی خوێندن، کەڵکیان نەماوە و دەبێت بڕووخێنرێن و دیسان دروست بکرێنەوە. هەروەها 17.1٪ پۆلەکانی خوێندنیش کە دەکاتە 3 هەزار و 284 پۆلی خوێندن، نۆژەنکردنەوەیان دەوێت.
کەمیی بوودجە و هەڵاوسان سەرەکیترین کێشەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێرانن، بۆ ئەوەی قوتابخانە کۆن و بێ کوالێتییەکان، نۆژەن بکاتەوە. بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ یان نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان، وەزارەتی پەروەردە هەمیشە پەنا دەباتەبەر خێرخوازان.
قەهرەمان رەحمانی دەڵێت: خێرخوازەکان ساڵی پار بەڵێنیان داوە 480 ملیار تمەن (نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار) بۆ نۆژەنکردنەوە یان دروستکردنی قوتابخانەی نوێ بدەن.
قەهرەمان رەحمانی نزیکەی مانگێک لەمەوبەر گوتی: حکومەت نزیکەی 778 ملیار تمەن (نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار)ی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان تەرخان کردووە، بەڵام 63٪ لەپارەکە دراوە.
بەگوتەی قەهرەمان رەحمانی، پارێزگای ورمێش 352 ملیار تمەنی تەرخان کردووە و 84٪ی دراوە.
لە بوومەلەرزەکانی ساڵی رابردووی باکووری پارێزگای ورمێشدا دەیان قوتابخانە زیانیان بەرکەوت یان رووخان، کە جگە لە قوتابخانەکان کۆنەکان، ئەوانەش پێویستییان بە چاککردنەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ