13 ساڵە رێگەی چۆمان - حاجی ئۆمەران تەواونەکراوە؛ کۆمپانیا بە 40 ئامێرەوە کاری تێدا دەکات

07-06-2023
ئەندام جەبار
کارکردن لە رێگەی چۆمان - حاجی ئۆمەران بەردەوامە
کارکردن لە رێگەی چۆمان - حاجی ئۆمەران بەردەوامە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەی چۆمان - حاجی ئۆمەران 13 ساڵ پێش ئێستا دەست بە دروستکردنی کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە. کۆمپانیایەک بە 40 ئامێر هەوڵی زوو تەواوکردنی کارەکە دەدات، بەڵام هیشتا جێی رەزامەندیی حکومەت نییە و ئەگەری زۆرە ئەو کۆمپانیایەش کارەکە بە تەواونەکراوی بەجێبهێڵێت.
 
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت، "مۆڵەت دراوەتێ [مەبەستی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە]، نەتوانن ئەو بەڵێنانەی کە بەئێمەیان داوە و کارەکان بەشێوەیەکی باش بکەن، ئەوا رەنگە وەکو حکومەت پێداچوونەوە بە کارەکەدا بکەین."
 
بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران کە لە ساڵی 2011 رەزامەندی لەسەر درا، 40 ملیار دینار بوو، دوای دوو ساڵ 12 ملیاری دیکەی خرایە سەر و کۆی گشتیی پارەکە بووە 52 ملیار دینار. کۆمپانیایەکی رۆمانی بە هەندێک کاری بڕینی رێگەکە، بەشێکی لەو پارەیە برد و پڕۆژەکەی تەواونەکرد. ئەو پارەیەی ماوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە 30 ملیار دینارە، بەڵام ئەوەی دیار نییە کاتی تەواوکردنی پڕۆژەکەیە.
 
هۆشیار عومەر، ئەندازیاری بەڵێندەر بە رووداوی راگەیاند، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت دارایی ئەم پڕۆژەیە باشتر بکات، ئەوکاتە پلانی دیکە دەبێ و کاری باشتر دەکرێت و دەتوانرێت کاتەکانی تەواوکردنی پڕۆژەکە دابندرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە راستی کاتێکی زۆری دەوێت."
 
دوای ئەو هەموو ساڵەی کارکردن، دوایین هەوڵی حکومەت بۆ خێراترکردنی کارەکانی پڕۆژەکە زیادکردنی پارەی مانگانەی ئەو کۆمپانیایە کە کارەکەی پێ سپێردراوە.
 
دانا عەبدوالکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "لە هەموو حالەتێکدا هەوڵ دەدەین کە ئەو 400 ملیۆنەی کە ئێستا کۆمپانیا مانگانە وەری دەگرێت، بۆی زیاد بکرێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی خێراترکردنی کارەکانی تەواوکردنی پڕۆژەکە."
 
لە نێوان گلەیی حکومەت لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە و گلەیی کۆمپانیاش لە پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە رێگەیەکی پڕ مەترسیی یەک ساید و قەرەباڵخە کە هەولێر بە تارانەوە دەبەستێتەوە و رۆژانە هەزاران بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بچووک بەسەریدا هاتوچۆ دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە