دوای نزیکەی 10 ساڵ دوو هاوژینی کوردی ئێزدی بەیەک شادبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەش کچی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار کران و کەسوکاریان لە دهۆک بە شایی و هەڵپەڕکێ پێشوازییان لێ کردن. تەمەنی کچەکان لەنێوان 13 بۆ 23 ساڵە و لە 2014ـەوە لە دەستی داعشدا بوون.
 
کچانی رزگاربووی دەستی داعش لەگەڵ کەسوکاریان چوونە نێو شایی و هەڵپەڕكێ و ئەوانیش دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی. سابرین ئەلیاس، یەکێک لە کچە رزگاربووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر ئاسوودەم، سوپاس بۆ خودا بە کەسوکارم شادبوومەوە، بە خزم و هاوڕێیانم شادبوومەوە، ئەمڕۆ خۆشترین رۆژی ژیانم."
 
یەکێک لەو کەسانەی کە رزگار کراوە، ناوی سامیا سمۆیە و هاوژینی دەخیل حەسەنە، ئەوان دوای نزیکەی 10 ساڵ بەیەکی شادبوونەوە.
 
لە یەکێک لە پارکەکانی دهۆک پێشوازیی لەو کچانە کرا. ریحان ئیسماعیل، رزگاربوویەکی دیکە و دەڵێت، "زۆر زۆر دڵخۆشم، سوپاسی ئێوە و هەموو کەسوکارم دەکەم، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لێرە ئامادەبوون، سوپاس بۆ خودا گەڕامەوە نێو کەسوکارم."
 
 
گەڕانەوەی ئەو کچانە، کۆتایی بە نۆ ساڵ چاوەڕوانی و دووری لە کەسوکاریان هێنا، بە شایی و لەئامێزگرتنی یەکدی، قەرەبووی ئەو دوورییەیان کردەوە.
 
نەعام حەیدەر، کەسوکاری رزگاربووان باسی لەوە کرد، "زۆر دڵخۆش بووین بە گەڕانەوەیان، خودا هاوکار بێت دەمانەوێ هەموویان ئەوانەی ماون بگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان، لەگەڵ دایک و باوک و کەسوکاریان دەست بە ژیان بکەنەوە."
 
 
لە کۆی شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی کە کەوتبوونە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 568 کەس رزگار کراون.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی ئۆفیسی رزگاربووانی کوردانی ئێزدی رایگەیاند، دوای ئەوە زانیارییان پێگەیشتووە کە ئەو کچانە لە شوێنێکی دیارکراودان، دەستبەجێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوەی پێویست بێت بۆیان بکرێت و لە ماوەیەکی کەمدا گەڕێندرانەوە لای کەسوکاریان.
 
کچانی رزگاربوو کە ژمارەیان شەش کچ بوون، تەمەنیان لەنێوان 13 تاوەکو 23 ساڵدایە.