رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی کۆچی نایاسایی پووچەڵ کردووەتەوە و ئاشکرای دەکات کە 18 کەسی بیانی دەستگیر کردووە کە لەنێویاندا "گەورە تیرۆریستێک" هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-06-2023، ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لەسەر هەوڵێکی کۆچی نایاسایی و بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە ئەو 18 کەسەیان دەستگیر کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاسایشی سلێمانی، ئەو گرووپە دوو ئۆتۆمبێلیان بەکارهێناوە و بەنیازبوون بەشێوەیەکی نایاسایی بێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی 39 لە یاسای ژمارە 76ـی ساڵی 2017ـی تایبەت بە بیانییەکان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "گەورە تیرۆریستێک" کە سەرپەرشتیی کاروباری گرووپەکەی کردووە بە ناوی ( م، ط، ع )، ئەویش دەستگیر کراوە.
ئەو کەسە بیانییانە رۆژی 02-06-2023، دەستگیر کراون، "گەورە تیرۆریستەکەش" بە گوێرەی مادەی 2ـی یاسای تیرۆر راگیراوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ