حکومەت بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان: بەرگری لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بودجە دەکات و، داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژە یاسای بودجەدا بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 7-6-2023) بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە؛ یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بوو.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە "لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 بۆ 2025 و، بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراوە".
ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی راگەیەندراوەکە "پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دووپات کردەوە، کە ئەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لە سەر بنەمایەکی یاسایی و زانستییانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات".
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لە گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، "بە هەماهەنگی و لەپێناو یەکڕیزی، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵدا بکەن".