یەکێتی داوای هۆکاری دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی زیرەک عەلی دەکات

07-06-2023
هیدایەت جان
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی مەجید محەممەد ئەمین، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی مەجید محەممەد ئەمین، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەندامێکیانەوە داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی دەکات و دەڵێت، "دەمانەوێ بزانین هۆکاری یاسایی گرتنی زیرەک عەلی چی بوو. بۆچی ئاسایش دەستگیری کرد و بۆمان روون بکەنەوە کە هۆکاری مردنی چی بووە."   
 
رۆژی چوارشەممە 7ی حوزەیرانی 2023، مەجید محەممەد ئەمین، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "زیرەک عەلی محەممەد، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کوڕە شەهیدە، تەمەنی 40 ساڵە و دوێنێ نیوەڕۆ لە دووکانەکەی لە سێتاقان کە برنج و شلە و چایی تێدا دەفرۆشت، هێزەکانی ئاسایش بەسەریاندا داوە و گرتوویانە و دوای چوار کاژێر کەسوکاریان ئاگادار کردووەتەوە تەرمەکەی لە دادپزیشکی نەخۆشخانەی رزگاری وەربگرنەوە." 
 
بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دەڵێت، "روونکردنەوەمان لە ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەوێت کە بەرپرسیارێتی مەدەنی و ئەخلاقییان لەسەرە بۆ بەدیارخستنی هۆکاری مردنی زیرەک عەلی و هۆکاری گرتنەکەی."
 
مەجید محەممەد ئەمین دەڵێت، "دەمانەوێ بزانین ئەو کوڕە بۆچی گیرا؛ هۆکاری یاسایی گرتنی زیرەک عەلی چی بوو؛ هۆکاری ئەوەی ئاسایش دەستگیری کرد چییە. هاوکات دەمانەوێ بۆمان روون بکەنەوە کە هۆکاری مردنی چی بووە." 
 
بە گوتەی زانا عەلی، برای زیرەک عەلی کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی قسەی کردووە، "زیرەک لە بازاڕی سەیداوە چایخانەیەکی هەیە، دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بردراوەتە بنکەی سەیداوە و دواتر خزمێکی خۆمان پەیوەندی پێوەکردین و گوتی، زیرەک دەبەن بۆ ئاسایشی هەولێر، چونکە شەو لەگەڵ چەند کەسێک دەمەقاڵێی کردووە."
 
زانا عەلی گوتی، "شەوی دووشەممە زیرەک ماتۆڕەکەی راگرتووە؛ نازانم لە پێش هۆتێل یان کوێ بووە، بەڵام دەزانم لەسەر راگرتنی ماتۆڕەکەی لەگەڵ چەند کەسێک تووشی دەمەقاڵی بووە و پێیان گوتووە ماتۆڕەکەت لابە و ئەویش پێی گوتوون پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵە. لەسەر ئەو بابەتە بووەتە دەمەقاڵێیان."
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی هۆکاری گرتن و گیانلەدەستدانی زیرەک روونبکرێتەوە و بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری ئەو حیزبەش دەڵێت، "پاڵپشتی ئەو خێزانە دەبین تا راستییەکان بە تەواوەتی دەردەکەون. تاوەکو ئەنجوومەنی دادوەری، داواکاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی ئێمە و ئەو خێزانە نەدەنەوە، ئێمە راناوەستین و ئەگەر کەیسەکە لە هەولێر ساخ نەبوویەوە لەوانەیە بیبەین بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا." 
 
بە گوتەی مەجید محەممەد ئەمین، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستەیەکی راوێژکاری دروستکردووە کە لە کۆمەڵێک پارێزەر پێکهاتووە. یاداشتێکمان ئامادەکردووە و ئەمڕۆ ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتی، وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم رێکخراوە مەدەنییە نێوخۆیی و رێکخراوەکانی دەرەوەی دەکەین."
 
بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، "ئەوەی روویداوە قبووڵ ناکرێت. کەیسەکەی زیرەک پەیوەندی بە پۆلیسەوە هەیە و ئاسایش چی پەیوەندی بەو پرسەوە هەبووە، زیرەک عەلی دووکانێکی بچووکی لە سێتاقان بەکرێ گرتووە و برنج و شلە و چایی تێدا فرۆشتووە، بەناو تۆمەتبارە بەوەی کە هەندێک زێدەڕۆیی کردووە؛ زێدەڕۆیی پەیوەندی بە قایمقام و پۆلیسەوە هەیە. ئەو بابەتە کەی پەیوەندی بە ئاسایشەوە بووە؟"
 
ئێستا بە گوێرەی بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی، لیژنەیەکی دادپزیشکی لە سلێمانییەوە هاتوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی زیرەک عەلی و لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێرن، بەڵام مەجید محەممەد دەڵێت، "زیرەک عەلی کە پێشتر هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، هۆکاری مردنەکەی هەرچییەک بێت یان بە هەر شێوازێک مردبێت گرنگ نییە، چونکە شێوازی گیرانەکەی هۆکاری مردنی بووە." 
 
زیرەک عەلی، باوکی دوو کوڕ و کچێکە، زانای برای دەڵێت: "ئێمە لایەنگری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانین، بەڵام تا ئێستا هیچ پلە و پۆستێکی حیزبیمان نەبووە و تا ئێستا کێشەمان لەگەڵ کەسیش نەبووە."  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."