کۆنسێرتێکی میوزیک لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت؛ پاڵپشتیی داراییەکەی کڕینی بلیتە لەلایەن خەڵکەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، 8 و 9ی ئەم مانگە، کۆنسێرتێکی میوزیک لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت. 23 هونەرمەندی سلێمانی دەیانەوێت بە دەنگی ئامێرە میوزیکییەکانیان سلێمانی و هۆڵە هونەرییەکان پڕبکەنەوە لە گوێگرانی میوزیک و گرووپێکی میوزیکییان دروستکردووە.
 
فەرهاد حەمە ساڵح، هونەرمەندێکی ناسراوی سلێمانییە و سەرپەرشتیاری گرووپەکەیە، بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت ئەمە بکەینە کولتوورێک کە هونەر پشت بە سپۆنسەر نەبەستێت و خەڵک بلیت بکڕن و بێنەوە بۆنە هونەرییەکان و بەردەوامیشمان لەسەر خواستی خەڵكە کە بەشداربن بۆئەوەی چوار مانگ جارێک کۆنسێرتێک بکەین."
 
ئەندامانی گرووپە میوزیکییەکە بەشێکیان گەنجن و ئەوانەن کە چەند ساڵێکی کەمە کاری هونەری دەکەن، لەگەڵ ئەوانیشدا بەشێکیان مامۆستا و کەسانی ئەزموونداری هونەرین کە ساڵانێکی زۆرە کار دەکەن و دەڵێن، دەیانەوێت جارێکی دیکە سلێمانی بە دەنگی میوزیکی کوردی و جیهانی ئاشت بکەنەوە. 
 
گرووپە هونەرییەکە هیچ ناوێکیان بۆ خۆیان هەڵنەبژاردووە و دەڵێن، چاوەڕوانی کاردانەوە و بەشداریی خەڵکن بۆ بەردەوامبوونیان.
 
کۆنسێرتەکە لە هۆڵی رۆشنبیریی شاری سلێمانی لە رۆژانی 8 و 9ـی حوزەیران لە کاژێر 05:00ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت. تێیدا گۆرانی و میوزیکی کوردیی کۆن و نوێ بە بەشداریی چەند هونەرمەندێک پێشکێش دەکرێن. ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداربن دەبێت بلیتی چوونە ژوورەوە بکڕن، کە لە هۆڵی رۆشنبیریی بەردەستە یان بۆ بەدەستهێنانی دەبێت پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 07721117374وە بکەن. 
 
 پرۆڤە و ئامادەکاریی ژمارەیەک ژەنیار و گۆرانیبێژ بۆ بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی لە سلێمانی: