فازڵ میرانی: پاییزی ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستین

07-06-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕیاریانداوە لە پاییزی ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن.
 
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 07-06-2022  بە شداری لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان - دهۆک -ی کرد. لە وەڵامی پرسیارێکی ناسر عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی کە گوتەبێژی حیزبەکەش لە تەنیشتییەوە بوو، گوتی، "ئەوە کاک مەحموودە و گوتەبێژی حیزبە، گوتی پاییز دەیکەین یانی دەیکەین."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، سێیەمین ئاهەنگی گەڕی چوارەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچوو.
 
رۆژی یەکشەممە 8-5-2022 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکە رایگەیاند: "بۆ بەستنی کۆنگرەی 14 دەسەڵات درا بە مەکتەبی سیاسیی بۆ پێکهێنانی لیژنەکان بۆ ئامادەکاری و لە هەفتەی داهاتوو رێکارەکان دەستپێدەکەن و ئەوپەڕی تاوەکو مانگی 10 یان 11 کۆنگرە دەبەستین". 
 
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە گۆڕانکاری لە بەشێک لە بەرپرسە حیزبییەکانی پارتیدا دەکرێن لەو شارە پرسیاری لە فازڵ میرانی کرد، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لەوبارەوە گوتی، "ئێمە بەردەوام خۆمان رێکخستووە، تازە خۆمان رێکبخەینەوە، ئێوە پەلەتانە، ئێمە بەرەو کۆنگرە دەچین گۆڕانکاری بۆچییە."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ناسر عەلی لە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەپرسێت، هیچ ئاماژەیەک هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، لە وەڵامدا فازڵ میرانی گوتی، "بەخوا من چی بڵێم، پرسیارەکەت هێندە زەحمەتە، وەڵامەکەی لە بەغداش نییە، دەبێت بەفڕۆکە بچینە شوێنێکی دیکە تاوەکو وەڵامەکەت بۆ وەربگرینەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە