نەرمین کاوانی تووشی کۆرۆنا بووە

07-06-2020
نیشانەکردن هەرێمی کوردستان کۆرۆنا
A+ A-
نەرمین کاوانی، خانمە شانۆکار و ئەکتەری کورد لە شاری سلێمانی تووشی کۆرۆنا بووە و لەژێر چاودێری پزیشکدایە. 
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە راگەیێندراوە نەرمین کاوانییە، ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی لەژێر چاودێری دایە. 
 
نەرمین کاوانی لە دایکبووی شاری سلێمانییە و دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ئەو پارێزگایەیە، لە ماوەی رابردوودا لە چەندین درامادا بەشداری کردووە و لە چەندین شانۆگەریدا رۆڵی بینیوە. 
 
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 1222 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 448 کەسیش چاکبوونەتەوە. ئێستا 750 تووشبوو لە نەخۆشخانەکاندا ماون و چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت.
 
هەروەها لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا شەش کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. کۆی گشتی ئەو کەسانەیشی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 24 کەس. 20 کەسیان لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش لە سنووری پارێزگای هەولێر. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە