نێچیرڤان بارزانی: بەغدا پابەند نییە بە ئەرکەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان

07-06-2015
رووداو @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی تورکیا
A+ A-
رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی بەشداریکرد لە پلاتفۆرمی سلێمانی بۆ پارێزگاکانی عێراق کە لەلایەن پارێزگاری سلێمانی رێکخرابوو، تێیدا گوتارێکی پێشکەشکرد.

رووداو چەند بەشێکی گوتارەکەی بڵاودەکاتەوە:
 
"خەڵكی عێراق ئەمڕۆ لە باردۆخێكی زۆر خراپدا دەژیت ، هۆكاری سەرەكی ئەو باردۆخەش ، پشتگوێخستنی دەستوور و پەیڕەونەكردنی تەوافوق بوو، كە بنچینەی عێراقی نوێ بوو . لەبەرئەوەش عێراقێكی نوێی پڕ لە خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ خەڵكی عێراق دروستنەبوو ".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چەندان جار هەموو لایەنەكانی عێراق و حكومەتی فیدرالیی عێراقی لە چەند ساڵی رابردوودا لە ئەنجامە خراپەكانی پشتگوێخستنی دەستوور ئاگاداركردەوە ، كە بەداخەوە گوێ لە سەركردایەتی كوردستان نەگیرا و ، ئەوەی نەدەبووایە رووبدات روویدا .هەروەها ئەوكاتەی بەڕێز مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا ، هوشداری و وریایی دایە هەموو لایەنەكان و گەلی عێراق لە دروستبوونی تاكڕەوی و پشتگوێخستنی دەستوور ، بەداخەوە زۆر لایەن لێكدانەوەی زۆر خراپیان بۆ ئەو هوشدارییە كرد ، بەڵام دواتر هەموو گەلی عێراق ، ئەنجامە ماڵوێرانكەرەكانی سیاسەتیی تاكڕەوی لە عێراقدا بینی ، كە بەداخەوە بووە هۆی رژانی خوێنی هەزران كەس و ماڵوێرانبوونی سەدان هەزاری دیكەش ."

"دەستووری تازەی عێراق ، سیستەمی حوكمڕانی عێراقی كردە سیستەمێكی فیدرالی ، بەڵام بەداخەوە هەر زوو دەستوور وەلاوەنرا و ئەو كێشانەی كە لە دەستووردا ماوەی چارەسەركردنیان بۆ دانرابوو چارەسەرنەكران ، لەكاتێكدا چارەسەری ئەو كێشانە بنچینەبوون بۆ دروستبوونی عێراقێكی فیدرالی و دروستبوونی تەوافوق و هاوبەشییەكی راستەقینە لە حوكمدا . بەداخەوە فیدرالی بەكردەوە لە حوكمڕانی عێراقدا رەنگینەدایەوە ، هەروەها هیچ هاوبەشی و هاوپەیمانییەكیش لە حكومەتی فیدرالیی عێراقدا بەكردەوە لە بەغدا رەنگینەدایەوە ، لەبەرئەوەش زۆربەی كاتەكان پێكهاتە بەشدارەكانی حكومەت گلەییان هەبووە و ، زۆرجاریش لە حكومەت كشاونەتەوە . زۆر لە پۆستە حكومییەكان بەوەكالەت و شێوەی كاتی بەڕێوەبراون ، جۆرێك لە كەشواهەوای كودەتایی بەسەر حوكمی عێراقدا زاڵبوو ".

"سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان ، بەشایەتی هەموو لایەك هەوڵی زۆریدا بۆ دروستكردنەوەی تەوافوق لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا و ، چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بەشێوەیەكی تەوافوقی . هەرچی لەسەر شانی سەركردایەتی و خەڵكی كوردستان بوو كردمان ، بۆئەوەی لەجیاتی خوێنڕشتنی تایفی و لێكترازانی نیشتمانی ، تەوافوق و پێكەوەژیانێكی یەكسان لە عێراقدا هەبێت .

لێرەشدا زۆر گرنگە باسی هەڵوێست و كاری بەڕێز مام جەلال بكەین ، وەك پارێزەرێكی تەوافوق و سەرۆك كۆمارێك كە ببووە چارەسەری ناكۆكییەكان و دروستكەرەوەی تەوافوق لە هەلومەرجە زۆر سەختەكاندا ."

"هەرێمی كوردستان ، ئێستاش لە هەموو شوێنەكانی دیكەی عێراق باوەشكراوەتر و باشتربووە بۆ پەنادان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارەو دەربەدەركراوی عێراق . خەڵكی كوردستان زۆر شانازی بەو خەسڵەتەی خۆیەوە دەكات و بەردەوامیش شوێنی پەنادانی هەموو خەڵكی عێراق و لیقەوماوان و دەربەدەرەكان دەبێت بەپێی تواناكانی خۆی . بەڵام بەداخەوە ئەوەش لەلایەن حكومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان وەڵامدرایەوە".

"ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەی زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار پەنابەری سووریا و دەربەدەرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق ، تەنیا خزمەتگوزاییە سەرەتاییەكان بۆ ئەو هەموو پەنابەر و ئاوارەیە، ساڵانە پێویستی بە یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە ".
 
 
"بەداخەوە سەرەڕای ئەو بار قورسییەی كەوتووەتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەهۆی هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و دەربەدەرە بۆ كوردستان ، بەهۆی ئەو شەڕە فراوان و قورسەی رووبەڕووی كوردستان بووەتەوە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە ، حكومەتی فیدرالیی عێراق ، پابەندییەكانی خۆی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە پێكنەهێناوە وەك بەشێك لە سیستەمیی بەرگریی عێراق ، تەنانەت زۆرجار كێشە دەخرێتە بەردەم هاوكارییە جیهانییەكانیش بۆ هێزی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتیی فیدرالیی عێراقەوە . هەروەها تائێستا حكومەتی عێراق پابەندیی و ئەركەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكردووە وەك بەشێك لە عێراق . تەنانەت حكومەتی فیدرالیی عێراق ، بۆ زۆر كۆنفرانس و كۆنگرەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە ، زەحمەتی ئەوە ناكێشن كە نوێنەرێكیش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بخەنە چوارچێوەی ئەو شاندانەی حكومەتی فیدرالیی كە بەشداریی لەو كۆنفرانسانەدا دەكەن ."
 
"لایەنە كوردستانییەكان ساڵی رابردوو لێرە لە شاری سلێمانی ، جارێكی دیكە بڕیاری پشتیوانی و بەشداریكردنیان دا لە حكومەتی تازەی عێراقدا ، بەسەرۆكایەتی بەڕێز حەیدەر عەبادی . هەروەها رێككەوتنێكی هاوبەشمان ئەنجامدا لەبارەی هەناردەكردنی نەوت ، ئەو رێككەوتنە بووە بەشێك لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015 . كورتەی رێككەوتنەكە ئەوەبوو ئێمە رۆژانە لە رێگەی بۆڕی نەوتیی هەرێمی كوردستانەوە بە موعەدەلی رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە توركیا بدەینە سۆمۆ ، لە بەرامبەردا حكومەتی فیدرالیی عێراق 17%ی بوجەی عێراق كە مانگانە دەكاتە یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار بداتە هەرێمی كوردستان ".

“ئێمە لە هەرێمی كوردستان ، حكومەتێكی بەكردەوە هاوبەش و تەوافوقیمان دەوێت ، چونكە ئەوكاتەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بە بڕیاری كەسیی خۆی بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی ، هیچ مانایەك بۆ تەوافوق و پێكەوەبوونی لە حكومەتدا نەهێشتەوە . بەداخەوە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستاش 10%ی لەو بودجە كەمەش بڕی كە بۆ مانگی نیسان بۆ هەرێمی كوردستان دانرابوو ، ئەوەش بە بڕیاری خودی خۆی بوو .ئەوە زۆر مەترسیدارە لە حكومەتی تەوافوقی و فیدرالییدا ئەو بڕیارانە بەوشێوەیە بدرێن ، چونكە تەوافوق و هاوبەشبوون رێگە بەو جۆرە بڕیاردانە نادات.

ئێمە خۆشگوزەرانی و بە ئارامی ژیانی خەڵكی عێراقیشمان زۆر بەلاوە مەبەستە ، بەڵام بەڕاستی چیتر ناتوانین بەوشێوەیەی ئێستا ئەو بێبەشكردنە قبوڵبكەین كە بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكرێت . ئێمە پێمانوایە دەبووایە پاداشتی چاكەی خەڵكی كوردستان بدرابووایەوە و خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە پشتیوانیلێكردن وەفاداری وەڵامبدرابووایەوە، چونكە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە مایەی شانازین بۆ هەموو عێراق و جیهان."
 
 
"پێش ئەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ، لەساڵی رابردوودا بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان ببڕێت و شەڕ بەرۆكی گەلی كوردستان بگرێت ، هەرێمی كوردستان كەوتبووە ناو پێشكەوتنێكی ئابووریی زۆر بەرچاوەوە. ئێستاش زۆر دڵنیاین ، كە گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و دەوڵەمەندیی خاكەكەی دەگەڕێتەوە خۆشگوزەرانییەكی زۆر باشتر . لە هەمانكاتیشدا ئێمە ئامادەین بۆ پێكەوەژیانێكی راستەقینە و هاوبەش و یەكسان لە بەڕێوەبردندا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا . هەروەها هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزاییەكان لەگەڵ هەموو پارێزگاكانی عێراقدا ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە