لە سلێمانی 12 ئۆتۆمبێل پێکیان دادا

07-05-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

لە شەقامی مەلیک مەحموودی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ 12 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "تەنیا زیانی مادیی هەبووە، زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە."
 
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ (7ـی 5ـی 2024) لە شەقامی مەلیک مەحموود 12 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و بۆ ماوەیەکی کەم ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی شەقامەکە دروست بوو."
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی، رووداوەکە بەهۆی قەرەباڵخیی شەقامەکەوە دروست بووە. زیانی گیانی و برینداری لێ نەکەوتووەتەوە. هاوکات هیچ کێشەیەکیش لەنێوان شۆفێراندا دروست نەبووە؛ رووداوەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی پەککەوتنی هاتووچۆ لە شەقامەکە دەشڵێت "دەستبەجێ مەفرەزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاستەنگیی هاتووچۆی شەقامەکەیان چارەسەر کرد."
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، لە ساڵی 2022 دا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە