رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی "باش" و روونیان کردووە و پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان دووپاتکردووەتەوە. هەروەها دەڵێت، سەرۆککۆماری ئێرانی بە فەرمی بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 7-5-2024) لەدوای کۆبوونەوەکانی لە تاران کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد، جگە لە باسکردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی و ئامانجی سەردانەکەی بۆ تاران، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیشی دایەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری "کۆبوونەوەکەت لەگەڵ ئایەتووڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن بووە؟ کە لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ تاران ئاراستەی کرا، رایگەیاند "شەرەفمەند بووم بە کۆبوونەوەم لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، زۆر بە لوتف و روونیش بوو."
وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێبەری باڵا پشتیوانی تەواوی خۆی پێشانداوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و پشتگیری دووپاتکردووەتەوە کە کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
رۆژی 29ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات و سێ رۆژ دەمێنێتەوە.
لەبارەی سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی "وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەرۆککۆماری ئێرانم بۆ هەرێمی کوردستان بانگهێشت کردووە، پرسەکەی بە جیدی وەرگرت و پۆزەتیڤ بوو لەوەی قبووڵی بکات."
نێردراوی رووداو لە تاران باسی لەوە کرد رۆژنامەکانی ئێران بە گرنگییەوە باسی سەردانەکەی دەکەن بۆ ئێران و یەکێک لە رۆژنامەکان نووسیویەتی "باڵیۆزی ئاشتیی هەرێمی کوردستان لە تارانە"، پرسیاری لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، "سەرنجی جەنابتان لەوبارەیەوە چییە؟"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدا گوتی "مانشێتەکەم نەبینیوە، بەڵام رۆڵی هەرێمی کوردستان ئاشتی و سەقامگیرییە، ئێران بۆ ئێمە وڵاتێکی گرنگە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان ئەولەوییەتی کارەکانمانە."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
رووداو: دوو پرسیاری کورتم هەیە؛ لە کۆبوونەوەتان لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی چیتان کرد؟ کۆتایی ئەم مانگەش سەرۆککۆماری ئێران سەردانی عێراق دەکات، ئایا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات؟ کۆمێنتێکیشم هەیە، ئەمڕۆ رۆژنامەکانم بینی باسی سەردانەکەی جەنابتیان زۆر بە گەرموگوڕییەوە کردبوو، یەکێک لە مانشێتەکان زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە دەڵێ، "باڵیۆزی ئاشتیی هەرێمی کوردستان لە تارانە." کۆمێنتت لەسەر ئەم مانشێتە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: شەرەفمەندبووم بەوەی کۆبوونەوەم لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، زۆر بە لوتف بوو و وازحیش بوو کە ئەو پشتیوانە بۆ ئەوەی لەگەڵ کورد بە گشتی و لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، پشتگیری لەوە دەکات هەموو کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، لەوە زیاتر ناتوانم بچمە نێو نێوەڕۆکەوە کە چ باس کراوە.
سەبارەت بە سەرۆککۆماری ئێران، بەڵێ باسی زیارەتی جەنابیان کراوە بۆ بەغدا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بەندە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی جەنابیانم کردووە و هیوادارم قبووڵی بکات و دەعوەتێکی فەرمیم کردووە، کە لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ بەغدا 'سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکەی' پێموایە بە جیدی وەریگرت و ئیدی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی خۆیان دانیشتنی بۆ بکەن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەپێی کات و هەلومەرجی خۆیان، بەڵام پۆزەتیڤ بوو لەوەی قبووڵی بکات.
مانشێتەکەم نەبینیوە بەڵام رۆڵی هەرێمی کوردستان بەگشتی رۆڵێکی ئاشتییانە و سەقامگیرییە لە ناوچەکە و وەکو لە پێشەکیی قسەکانیشم باسم کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێمە وڵاتێکی زۆر گرنگە و پەرەپێدان بە پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئێران چ وەک عێراق چ وەک هەرێمی کوردستان لە ئەولەوییەتی کارەکانمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ