گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: دەستمان بە چاپکردنی کاخەزی دەنگدان کرد

07-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند رێکارەکانی کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان رانەگرتووە و، دەست بە چاپکردنی کاخەزی دەنگدان کرا.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە رێکارەکانی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکات و نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارەکانییان بۆ دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە 173 بنکەی تۆمارکردن، بۆیە هەواڵی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن دوورە لە راستییەوە."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکە "کۆمیسیۆن دەستیکردووە بە چاپکردنی کاخەزی دەنگدان کە ناوی پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانیێتییەکان و ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، لەخۆدەگرێت."
 
ئەو کاخەزانەی کە کۆمیسیۆن دەستی بە چاپکردنیان کردووە بەپێی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن چوار نموونەن کە پەیوەستن بە بازنەکانی هەڵبژاردن "پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە." جگە لە نموونەیەکی دەنگدانی تایبەت.
 
سەبارەت بە وادەی یاسایی کۆمیسیۆن، جومانە غەلای گوتی "بە پشتبەستن بە هەمواری یەکەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە 31ـی ساڵی 2019، کە بڕگەی یەکەمی لە مادەی حەوت لابرد و ئەو دەقەی دانا کە ماوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەم خولەی ئێستا 54 مانگە و لە رۆژی 7ـی کانوونی دوومی 2020ـەوە دەستپێدەکات، دەبێت کۆمیسیۆن لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، حکومەتی ناوەندیش پابەند دەبێت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی کردنی ئەو هەڵبژاردنانە."
 
جومانە غەلای ئاماژە بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەکات و دەڵێت "بەپێی مەرسوومی هەرێمی کە رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 دیاریکراوە، کۆمیسۆنی هەڵبژاردن لە کارەکانی بەردەوامە و پابەندین بە کردنی هەڵبژاردن لەو ماوەیەی بۆمان دیاریکراوە."
 
بەپێی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، ژمارەی ئەو کارتانەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دابەشکراون بەمشێوەیەیە:
 
- پارێزگای هەولێر: 99 هەزار و 992 کارت
- پارێزگای دهۆک: 75 هەزار و 355 کارت
- پارێزگای سلێمانی: 115 هەزار و 326 کارت
 
بەپێی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. پارتی و پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان (جگە لە بەرەی تورکمانی) بڕیاریان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی کۆمیسیۆن و تایبەت بە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان تۆمار کردووە.
 
رۆژی 22ـى شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان (تورکمان، کریستیان و ئەرمەن)ـی لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە