ئاسایشی هەولێر: بازرگانێکی هیندیی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی هیندستانی راگەیاند کە لە هەرێمی کوردستان بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: "‎دوای بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمانەوە، بازرگانێکی بیانیی مادە هۆشبەرەکان بەناوی (م. ئـ . د.) کە خەڵکی وڵاتی هیندستانە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا."
 
ئاسایشی هەولێر کە گرتەی ڤیدیۆیی دوای دەستگیرکردنی و ئەو کەلوپەلانەشی پێیگیراوە، بڵاوکردووەتەوە رایگەیاندووە: "لەکاتی دەستگیرکردنیدا بڕێک ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و کەلوپەلی پێوانەکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری لەلا بووە."
 
ئاسایش دەڵێت ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکراوە ‎ کاری دابەشکردنی مادەی هۆشبەر بووە بەسەر چەند هاووڵاتیەکی بیانی کە بە مەبەستی کارکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لەشاری هەولێر نیشتەجێبوون.
 
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 11-12-2023 لە نێو هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و 418 سزادراو هەبوون، لەو ژمارەیە هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون؛ 520یان بازرگان و 660یان بەکارهێنەر.