رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتنە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. دەڵێت، "پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت." هەروەها راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە داوەتە بەرپرسانی وەزارەتەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ هەر یەکە لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کیمبەرلی هارینگتۆن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە و ئەلیزابێس ریچارد، رێکخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکانی، سەرۆکی یەکێتی باسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و کەرتی وزە و پرسە ئەمنییەکانی کردووە.
لەبارەی هەڵبژاردن، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باربارا لیف، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە، "پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بێت، دیموكراسی بباتە ئاستێكی باڵاتر و گۆڕانكاری لە پرۆسەی حوکمڕانیدا بهێنێتە ئاراوە."
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، "هەردوولا هاوڕابوون كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێنرێت، كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكرێن و هاوبەشیی راستەقینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوبكرێت."
سەرۆکی یەکێتی کیمبەرلی هارینگتۆنی گوتووە، "بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە [پرسی وزە] دەکەین و ئامانجمانە ئەو سەروەتە نیشتمانییە لە خزمەت خەڵک و پێشخستنی وڵاتدا بێت. بۆ ئەوەش لەگەڵ دۆستانمان لە بەغدا گفتوگۆ دەکەین."
بافڵ تاڵەبانی لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، راپۆرتێكی وردی لەبارەی دوایین رووداوە ئەمنییەكانی ناوچەكە و پاراستنی ژیانی خەڵكەوە پێشكەشكردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، "مەترسییەكانی تیرۆر بەردەوامن و نادیدەگرتنی جووڵەكانیان سەقامگیریی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر ژیانی خەڵك."
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی دۆخەکەوە دەڵێت، "بەردەوامیی هاوئاهەنگییەکانیان لەنێوان هێزەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق و ئەمریكا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا، هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ بنبڕكردنی تیرۆریستان و پاراستنی ئارامیی ناوچەكە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ