چیرۆکی کوژرانی گەنجێک لە هەولێر؛ چوار جار چووە داوای کچێک و بە سێ کەس کوشتیان

رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی مەخموور دوای ئەوەی کچێکی لە شاری هەولێر خۆشدەوێت، چوار جار دەچێتە داوای، بەڵام کەسوکاری نایدەنێ.  بانگی گەنجەکە دەکەن بۆ ئەوەی بچێتە هەولێر کچەکە مارە بکات، بەڵام  لەوێ بە سێ کەس دەیکوژن. 
 
کارزان کەریم خەڵکی مەخموورە و تەمەنی 20 ساڵ بوو؛ دوای نەمانی باوکی، بۆ بژێوی ژیانی دوو خوشک و برایەکی چاویان لە دەستی ئەو بوو. 
 
کچێکی هاوتەمەنی خۆی خۆشویستووە و چوار جاریش داوایکردووە، بەڵام خێزانی کچەکە رازینەبوون.
 
خالۆ رەش، خاڵی کارزانە و دەڵێت: "ئەگەر کچەکەیان بدابایێ، ئەم کێشەیە دروست نەدەبوو، ئەوانیش ماڵیان کاول بوو، ئێمەش و خوشکەکەشمان ماڵمان کاول بوو." 
 
بە گوتەی دایکی کارزان، براکانی کچەکە کارمەندی دەزگە ئەمنییەکانن و پێشتریش هەڕەشەی کوشتنیان لە کوڕەکەی کردووە.
 
سەمیرە ساڵح دایکی کارزانە و دەڵێت: "گوتیان ئێمە لە حکومەتین و حەوت برامان هەیە و پێشمەرگەین و خۆیان بڵاودەکردەوە و دەیانگوت دەیکوژین. داوا دەکەین هەقمان ون نەبێت، هیچمان نەکردووە. هاوژینم نەماوە، ئەوەندە کوڕەم هەبوو. لەگەڵی دەژیاین. ئەوهایان بەسەر هێناین." 
 
بە گوتەی مامی، کارزان بە تەلەفۆن هێنراوەتە هەولێر لەسەر ئەو بنەمایەی کە ماڵی کچەکە رازین بەداواکەی و بچێت مارەی بکات.
 
سەلام مەغدید، مامی گەنجەکەیە و دەڵێت: "شەوێ لە ماڵی پووری بوو. کاژێر 11:00 بۆ 12:00ـی شەو تەلەفۆنی بۆ کردم. گوتم کاکە لە هەولێری؟ گوتی بەڵێ، هەڕەشەیان لێکردووم. گوتم کە هەڕەشەیان لێکردووی، بۆ هاتوویتە هەولێر؟ بڕۆ کەڵەک لای ماڵی خوشکت تا سبەی من دێمە هەولێر. هەر واش بوو، سبەینێکە هاتمە هەولێر کاژێر 7:30ـی بەیانی. لە رێگە تەلەفۆنیان بۆ من کرد و گوتیان کوژراوە." 
 
دوای هاتنی کارزان بۆ ماڵی پووری سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە دەرچووە و هەواڵی کوژرانی گەیشتە خێزانەکەی.