22 هاووڵاتی لە کامپی هۆل گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی ئەمریکا، ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتانی رۆژئاوا کە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعش بوون، بۆ وڵاتەکانیان گواستووەتەوە کە بەشێک لەوانە هاووڵاتی ئەمریکی بوون. 
 
رۆژی سێشەممە، 7ی ئایاری 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەێیندراوێکدا ئاشکرای کرد لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، کە ئاژانسەکانی مرۆیی ئەمریکی و کوێتی و هەروەها هێزەکانی هەسەدە تێدا بەشداربوون، واشنتن 11 هاووڵاتی ئەمریکی و شەش هاووڵاتی کەنەدی، چوار هاووڵاتی هۆڵەندی و هاووڵاتییەکی فینلاندی لە کامپی هۆل گواستووەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.  
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەنێو ئەو 11 ئەمریکییەدا، پێنجیان منداڵن و لەنێو ئەوانی دیکەشدا هەشتیان منداڵ بوون.
 
بلینکن دەڵێت، "ئەمە گەورەترین پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکییە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرابێت. تاکە چارەسەری گونجاو و درێژخایەن بۆ ئەو قەیرانە مرۆیی و ئاسایشەی لە کامپ و ناوەندی ئاوارەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە وڵاتان هاووڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە، لە رێگەی بەرنامەی تایبەتیش تێکەڵاوی کۆمەڵگە بکرێنەوە و کاریش بکرێت بۆ لێپێچینەوەی ئەوانەی کاری هەڵەیان کردووە". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانەی ئاشکرا نەکرد کە وەرگیراونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، یەکێک لەوانە؛ ئافرەتێکی ئەمریکییە کە هاوسەرەکەی تورک بووە و لەگەڵ نۆ منداڵیان چوون بۆ سووریا و دواتر باوکەکە کوژراوە. 
 
چەندین ساڵە ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە هاووڵاتییانی خۆیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەربگرنەوە کە لەسەردەمی شەڕی داعشدا لەگەڵ منداڵەکانیان روویان لە سووریا کردبوو و لەنێو ریزەکانی داعشدا بوون. 
 
بەڵام پرۆسەی وەرگرتنەوەی هاووڵاتییان لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا سستە، بەهۆکاری ئەوەی زۆربەیان ترسی ئەوەیان هەیە لە ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو کەسانە رەنگە کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی وڵاتەکەیان هەبێت و رەنگە کاری تیرۆریستی بکەن. 
 
لەدوای پێنج ساڵ لە شکستی داعش لە سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرپەرشتی چەند ناوەند و کامپێک دەکات کە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشی تێدا دەستبەسەرن و ژمارەیان زیاتر لە 56 هەزار کەسە.
 
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان چەند جارێک داوایان لە وڵاتانی رۆژئاوا کردووە کە شاند بۆ ئەو کامپە رەوانە بکەن و کار بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان بکەن.