نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست: ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی بە هەمیشەییکردنمان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی گشتیی فەرمانبەرانی گرێبەست رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی بە هەمیشەییکردنییان دەکات.
نەریمان بەهرام، نوێنەری گشتی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار بدرێت سەرجەم گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی."
نەریمان بەهرام گوتی: "سبەی دوای تاوتوێکردن وەزارەتەکان و بەتایبەت وەزارەتی دارایی راپۆرتی دەبێت و وردەکارییەکەی باس دەکات و بڕیار دەدرێت."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، بەشێکیان نزیکەی 15 ساڵ دەبێت لە فەرمانگەکانی حکومەت کاردەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشتر راپۆرتێک لەبارەی دۆسیەی گرێبەستەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە کردووە، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ناو لیستی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ و چاودێریی دارایی فیدڕاڵیش لیستی مووچەیان وەک گرێبەست پەسندکراوە.
بەپێی داتاکانی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست 28 هەزار فەرمانبەر دەبێت، لەو ژمارەیە نزیکەی 14 هەزاریان لەسەر میلاکی وەزارەتی شارەوانین. جگە لەوەش دوو هەزار فەرمانبەری گرێبەستی دیکە هەن کە گرێبەستی رۆژانەیان پێدەگوترێت.
مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە؛ پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی هەبووە هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی، بەڵام ئەمە راگیراوە.
بەپێی نووسراوی ژمارە 4367ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 27-09-2021 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەوە ئامادە کراوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، 10 ملیار و 320 ملیۆن و 725 هەزار دینارە.
لە کاتێکدا ئەگەر بکرێنە هەمیشەیی، مووچە و دەرماڵەی شایستەی مانگانەیان بریتییە لە حەوت ملیار و 525 ملیۆن و 623 هەزار و 350 دینار، بەو پێیە ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە دابمەزرێندرێن، مانگانە دوو ملیار و 805 ملیۆن و 101 هەزار و 650 دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.