سەربەست ئامێدی: ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە

07-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی کورسیی پێکهاتەکانەوە، دواخستنی هەڵبژاردن "ئەگەرێکی بەهێزترە".
 
سەربەست ئامێدی، سەرۆكی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکی رێكخراوی ستێپ بۆ دیموكراسی و هەڵبژاردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو بڕگەی سەرەکی تێدایە یەکەمیان دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنە و پارێزگاکان."
 
"دووەمیان پەیوەستە بە کورسیی پێکهاتەکانەوە، ئەگەری هەیە دادگەی فیدراڵی یەکەمیان بخاتە ئەستۆی دەستەی دادوەرەیی هەڵبژاردن و بڵێت ئەوە تایبەتمەندی ئەو نییە، بەڵام دووەمیان کە کورسیی پێکهاتەکانە ئەگەری زیاتری هەیە بەهۆیەوە رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ کردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی رابگیرێت."
 
سەرۆكی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێیوایە هەرچەندە ئەگەری بڕیاردان لەسەر سکاڵاکە لەلای دادگەی فیدڕاڵی دەمێنێتەوە، بەڵام دووەم بڕگە کە لابردنی کورسیی پێکهاتەکانە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دەستووری عێراق کە باس لە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان دەکات، ناگونجێت، چونکە دەبێت پەرلەمان نوێنەرایەتی هەمووان بکات."
 
بڕگەی یەکەمی مادەی 49ـی دەستووری عێراق دەڵێت: "پەرلەمان لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت.. نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق دەکات.. رەچاوی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی تێدا بکرێت."
 
سەربەست ئامێدی دەڵێت: "ئەگەری هەیە بەهۆی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی کوردستانەوە کۆمیسیۆن رێکارەکانی رابگرێن."
 
ئەو باسی هەنگاوەکانی دوای ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنیش دەکات و دەڵێت: "ئەگەر دادگەی فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رێکارەکانی کۆمیسیۆن پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت، هەڵبژاردن دوادەکەوێت، دوای ئەوەش 7ـی تەممووز وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن کۆتایی دێت، ئەوەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنە کە بەپێی هەمواری پێشووی ناکرێت درێژکردنەوەی وادەی کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە، بەو پێیە یان دەبێت ئەو دەقە هەمواربکاتەوە، یان دەبێت ئەنجوومەنێکی نوێی کۆمیسیۆن هەڵبژێردرێت کە ئەو دووەش پێویستی بە کات هەیە."
 
سەربەست ئامێدی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بەشدارینەکردنی یەکێک لە دوو هێزە سەرەکییەکە لە هەڵبژاردن کێشەیە و گوتی: "بەداخەوە ئەمە بووەتە واقیع، دەبێت ئەو دوو پارتە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئومێدمان دەخواست وا نەبووایە، بەڵام ئیدی وایە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت کە رێکارەکانیان بۆ کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوامە و راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی رەتکردەوە. راشیگەیاند، ئەمڕۆ چاپکردنی کاخەزی دەنگدان دەستیپێکردووە.
 
بەپێی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. پارتی و پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان (جگە لە بەرەی تورکمانی) بڕیاریان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی کۆمیسیۆن و تایبەت بە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان تۆمار کردووە.
 
رۆژی 22ـى شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان (تورکمان، کریستیان و ئەرمەن)ـی لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە