مەسرور بارزانی: دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نەوت، هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاند، لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی نەوت لەگەڵ بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانە حکومەتی فیدراڵیش ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان ئهمڕۆ (یەکشەممە، 7-5-2023) پێشوازى له مايك برايسن ريچاردسن، باڵيۆزى بهريتانيا له عێراق كرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆزی کەیڤ، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە دا "دوای واژۆکردنی رێککەوتنی تایبەت بە نەوت، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵیش، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات".
باڵیۆزی بەریتانیا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.
دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستانیش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵ.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال. هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ پاراستنی تەواوی مافەکانی کوردانی ئێزدی و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دووپات کردەوە.
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
رۆژی 4-4-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆکرا، بەڵام تائێستا نەوتەکە هەناردەنەکراوەتەوە.
راگرتنى هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى مانگێکدا 190 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتى گشتیى عێراق و زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلار بە کەرکووک دەگەیێنێت، ئەوەش سەربارى داهاتى ئەو 378 هەزار بەرمیل نەوتەى رۆژانە هەرێمى کوردستان هەناردەى دەکرد، کە لە 30 رۆژى راگرتنى هەناردەکەیدا زیانى 642 ملیۆن و 978 هەزار دۆلارى بە داهاتی گشتیی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە بەشێکی زۆری بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخاندەکرا.