پۆلیسی کۆیە: هیچ زیندانییەکی گرتن و گواستنەوە مانی نەگرتووە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزەرێک دەڵێت، لە رۆژی شەممەوە دوو جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوەی کۆیەی کردووە و رێگەی پێنەدراوە سەردانی بریکاردەرەکانی بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەموو زیندانییەکان بەهۆی رێگری لە سەردانیکردنیان مانگرتنیان راگەیاندووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیەش ئەوە رەتدەکاتەوە.


رۆژی یەکشەممە، 7ـی ئایاری 2023، بەشدار حەسەن، پارێزەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارێزەری دوو دەستگیرکراوم لە گرتن و گواستنەوەی کۆیە؛ لەگەڵ پارێزەرێکی دیکەدا کە ئەویش پارێزەری زیندانییانە لە دوێنێوە دووجار چووینەتە گرتن و گواستنەوەی کۆیە و رێگەی چوونە ژوورەوەمان پێ نەدراوە".

ئەو پارێزەرە گوتی، "هەفتەی رابردوو زیندانییەک لە کۆیە هەڵاتووە و بەرپرسانی زیندانەکەش سزای هەموو زیندانییەکان دەدەن و هەفتەیەکە چاوپێکەوتنی پارێزەران و کەسوکاریان لێ قەدەخە کراوە. زیندانییەکانیش لە دوێنێوە مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە".

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە رەتی دەکاتەوە زیندانییەکانی گرتن و گواستنەوەیان سزا دابێت و ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ زینداییەک سزا نەدراوە؛ ئەوان نانی بەیانیشیان خواردووە و کەس مانی نەگرتووە. نانی نیوەڕۆشیان بۆ ئامادە دەکرێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە گوتی، "رۆژی سەردانی کەسوکاری زیندانیان لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و لە رۆژی چاوپێکەوتندا کەسوکاری هەموو زیندانییەک دەتوانێت سەردان بکات".

لەبارەی سەردانی پارێزەرانەوە بۆ لای زیندانیان، عەمید عەلی عەبدوڵلا گوتی، "پارێزەر بەشدار یان هەر پارێزەرێکی دیکە دەتوانن بچن و سەردان بکەن، ئەگەر ئەفسەری گرتن و گواستنەوە رێگری لێکردن، دەتوانن پەیوەندی بە منەوە بکەن. تاوەکو ئەمڕۆ کەس نەهاتووە بۆ لای من و بڵێ رێگە نەدراوە بچمە لای زیندانییەکان. ئەمڕۆ خۆشم سەردانی زیندانییەکان دەکەم".

رۆژی 2ـی ئەم مانگە لە ناوەندی قەزای کۆیە، زیندانییەک لە دەست پۆلیس هەڵات. تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە ئەو کات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیندانییەک لەکاتی گواستنەوەیدا لە بنکەیەکی پۆلیسەوە بۆ ئاسایش لە دەست پۆلیس هەڵاتووە.