لە رووها بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە دایکێک و چوار منداڵی گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان خێزانێک بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتە نێو کەناڵیکی ئاوەڕۆوە، تائێستا تەرمی دایکەکە و چوار منداڵی دۆزراونەتەوە و منداڵێکیش بێسەروشوێنە. 
 
شەوی رابردوو 6-5-2023 ئۆتۆمبیلێک بە حەوت سەرنشینەوە کۆنترۆڵی لەدەستدا و کەوتە نێو کەناڵێکی ئاوەڕۆ. کەناڵەکە بە بەرزیی 7 مەتر ئاوی تێدایە. سەرنشینان دایک، باوک و 5 منداڵ بوون. باوکەکە لە ساتی رووداوەکەدا خۆی هەڵداوە و رزگاری بووە، بەڵام هاوژینەکەی و منداڵەکانی بە ئۆتۆمبێلەکەوە ژێرئاو کەوتوون. 
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستیان بە گەڕان بەدوای ئەندامانی خێزانەکە کرد. تاوەکو کاژێر 11.00ی بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی چوار لە منداڵەکان و دایکەکە هێنرانە دەرەوە و گەڕان بەدوای منداڵەکەی دیکەدا بەردەوامە. تەرمی هەریەک لە ئیبراهیمی تەمەن 4 ساڵ، ئەجەمی تەمەن 5 ساڵ، ئایسونی تەمەن 9 ساڵ و یاسمین چەتینی تەمەن 11 ساڵ گوازرانەوە بۆ دادپزیشکی. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. هەزار و 919 لەو رووداوانە گیانلەدەستدانی تێدا بووە. هەروەها لە 195 هەزار و 11 رووداودا برینداربوون تۆمارکراوە. لە رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی 2022 بە گشتی 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.