لە زاخۆ دوو مێرمنداڵ دەبێتە شەڕیان؛ یەکێکیان چوار گولـلە لەوەی دیکە دەدات

07-05-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە گەڕەکێکی زاخۆ دوو مێرمنداڵ دەبێتە دەمەقاڵێیان و شەڕ لەنێوانیان دروستدەبێت؛ یەکێکیان چوار گولـلە لەوەی دیکە دەدات و برینداری دەکات. تەندروستیی زاخۆ دەڵێت: برینەکەی مەترسیدار نییە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-05-2023، راید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە کە لە گەڕەکی عەباسیکێ شەڕ لەنێوان دوو مێرمنداڵ دروستبووە و تەقەکراوە"، بۆیە هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوتووە کە یەکێک لە مێرمنداڵەکان تەقەی لەوەی دیکە کردووە و برینداری کردووە.
 
رووداوەکە کاژێر 09:00ـی ئەمشەو بووە و مێرمنداڵەکە بە دەمانچە تەقەی کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی، چوار گولـلەی لێداوە و رایکردووە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
 
لەبارەی دۆخیی تەندروستیی بریندارەکە؛ بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، لە هۆڵی نەشتەرگەرییە. ئەمیر عەلی دەشڵێت، گولـلەکان بەر سکی مێرمنداڵەکە کەوتوون، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە