هێمن هەورامی: داوامان لە یونامی کرد هاوکار و چاودێری هەڵبژاردنی کوردستان بن

07-05-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هه‌ڵبژاردن مافێكی گشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و پێویسته‌ له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت. گوتیشی، "داوامان لە یونامی کرد هاوکار و چاودێری هەڵبژاردنی کوردستان بن".

رۆژی یه‌كشه‌ممه، 07-05-2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ریكاردۆ رۆدریگێز، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یونامی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سیلڤی بلانشیه‌، به‌رپرسی هه‌ڵبژاردن له‌ نووسینگه‌ی یونامى له‌ به‌غدا و به‌رپرسی به‌شی سیاسی له‌ نووسینگه‌ی یونامی له‌ هه‌ولێر کۆبووەوە. 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ره‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا. هێمن هەورامی گوتی، "به‌ گرنگییه‌وه‌ باسمان له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان کرد و جەختمان کردەوە کە هه‌ڵبژاردن مافێكی گشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و پێویسته‌ له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت".
 
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، "دووپاتمان کردەوە هه‌موو هه‌وڵێكمان خستووەته‌گه‌ڕ و له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدراون و ده‌رفه‌تی زۆریش به‌ لایه‌نه‌كان دراوه‌ بۆئه‌وه‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بکرێت. دەشڵێت، "هیوادارین هیچ بیانوویه‌ك نه‌بیته‌ هۆكار بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "داوامان له‌ یونامی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد چاودێر و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن."
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام بەرلەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوەیە.
 
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن، رۆژی 5ـی نیسان بەڕێوەچوو و تێیدا شاندی یونامی بەشداریکرد و بڕیاریدا پێشنیازی خۆی لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە یەکێتی و پارتی.
 
رۆژی 9ـی نیسان یونامی دوو پێشنیازی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد، یەکەم، پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، دووەم؛ ئەگەر بە یەک بازنە بەشداری ناکەن، دوو کورسیی پێکهاتەکان بۆ سلێمانی بێت، کە یەکێک بۆ کریستیانەکان و یەکێک بۆ تورکمانەکان بێت.

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە