پیشەسازیی بەڕۆشکێ لە دهۆک تێکدەدرێت و کاسبکاران دەڵێن چۆڵی ناکەن

07-05-2023
عەدنان رەشید
ناوچەی پیشەسازیی ئالۆکا لە دهۆک
ناوچەی پیشەسازیی ئالۆکا لە دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو ناوچەی پیشەسازیی نوێ لە دهۆک دروستکراون، یەکێک لەوان پیشەسازیی ئالۆکایە کە بەشێوازێکی سەردەمیانە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە دروستکراوە، بەڵام کاسبکارانی پیشەسازیی بەڕۆشکێ ئامادەنین بچنە ئەوێ. 
 
شارەوانیی دهۆک دەڵێت، سەرجەم کاسبکارانی پیشەسازیی بەڕۆشکێ قەرەبوو کراونەتەوە و دەست بە تێکدانی ئەو پیشەسازییە کۆنە کراوە. بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی دهۆکیش هۆشداریی بەو کاسبکارانە دەدات کە دووکانیان لە ئالۆکا وەرگرتووە، بەڵام نەیانکردووەتەوە و دەڵێت "لە مانگێکدا دووکانەکانتان نەکەنەوە، لێتان وەردەگیرێتەوە".
 
"شوێنی پیشەسازیی نوێ دوورە و نرخی دووکانەکان زۆرە"
 
رۆژی یەکشەممە، 07-05-2023، ئاراس مزووری، پیشەوەر لە پیشەسازیی بەڕۆشکێ لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، ناڕەزایەتیی خۆی لە شێوازی قەرەبووکردنەوەکەیان دەربڕی و گوتی: "قەرەبووەکە بە دڵی ئێمە نییە، ئەو شوێنەی کە پێمان دراوە بە کەڵکی ئیش نایەت، دەوروبەرەکەی گرد و کارگەیە و شوێنەکە داخراوە".
 
 
نزیکەی 23 کاسبکار لە پیشەسازیی بەڕۆشکێ نایانەوێ شوێنەکەیان بگوازنەوە بۆ پیشەسازیی ئالۆکا، چەند کاسبکارێک دووکانەکانیان "شوێنیان شەقامی سەرەکییە و باشە، بەڵام لە پیشەسازیی ئالۆکا دووکانیان لەنێو کۆڵان پێداون"، کاسبکاران دەڵێن، شوێنی پیشەسازیی نوێ دوورە و نرخی دووکانەکانیش زۆرن.
 
ئاراس مزوری دەڵێت، "ناچینە پیشەسازیی ئالۆکا" و داوا لە شارەوانی، سەندیکا و وەبەرهێنان دەکات، کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت "ئەگەر کێشەکەمان چارەسەر نەکرێت، دووکانەکانمان ناگوازینەوە".
 
"کاسبکارانی پیشەسازیی بەڕۆشکێ قەرەبوو دەکرێنەوە"
 
ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک لە بەرنامەی بەرپرسیار هۆکاری دروستکردنی دوو پیشەسازیی نوێی لە دهۆک بۆ گەورەبوونی شار و پێویستیی شار گەڕاندەوە و دەڵێت: "دهۆک پێش 40 ساڵ شارێکی بچووک بوو، ئێستا گەورە بووە و هاووڵاتییانی رۆژهەڵات دەبێت پیشەسازییەکیان هەبێت پێی بگەن و رۆژئاواش هەمان شێوە. ئێستا رووبەری دهۆک 400 کیلۆمەترە. لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، دوو لیژنە بەو کارە هەستاون کە کۆکبوون لەسەر ئەوەی دوو پیشەسازی هەبێت".
 
شارەوانیی دهۆک رایگەیاندووە، کاری تێکدانی پیشەسازیی بەڕۆشکێ دەستیپێکردووە و لە ماوەی سێ مانگدا بە تەواوی تێکدەدرێت و لەسەر رووبەری 46 دۆنم دەکرێتە پارک و سەوزایی.
 
 
بە گوتەی ئیسماعیل مستەفا، لە پیشەسازیی بەڕۆشکێ 20 کەس قەرەبوو کراونەتەوە، تەنیا سێ کەس ماون کە رەنگە ناسنامەیان نەبێت یان ناویان نەنووسیبێت لەو  لیستەی کە ئامادەکراوە، بۆیە گوتی، "بەدواداچوون دەکەین هەر کەسێک قەرەبوو نەکرابێتەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە. هەموو کاسبکارانی بەڕۆشکێ قەرەبوو کراونەتەوە، تەنیا چوار کەس نەبێت کە رێنماییەکان نایانگرێتەوە".
 
سەبارەت بە ناڕازیبوونی کاسبکاران لە شێوازی قەرەبووکردنەوەیان، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک باسی لەوە کرد، "دهۆک بەرز و نزمی تێدایە و هەموو شوێنەکان وەک یەک نین. دەبێت هەندێک شوێن لەگەڵ شوێنەکانی دیکە جیاواز بێت، بەڵام هەموو خاوەن کارەکان سوودمەندبوون. هەر کەسێک مافی خوراوە قبووڵی ناکەین و مافی پێدەدرێت. چەندین کەس لەوێ کاریان کردووە، بەڵام لە ئالۆکا دەبێتە خاوەن دووکانی خۆی. ئالۆکا پڕۆژەیەکی سەردەمییە و هەموو خزمەتگوزارییەکانی تێدایە".
 
"دووکانەکانی سەر شەقام و شوشتنگەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر کاسبکارانی ئالۆکا"
 
نەشئەت عوسمان، نوێنەری کاسبکارانی پیشەسازیی نوێی ئالۆکا لە بەرنامەی بەرپرسیار، رەخنەی لە حکومەت گرت لە بەرامبەر پشتیوانی نەکردنیان و گوتی، "پێویستە چارەسەرێک بۆ دووکاندارانی سەر شەقامەکان بدۆزرێتەوە و هەموویان بگوازرێتەوە بۆ پیشەسازیی نوێ." 
 
 
سەبارەت بە هۆکاری ئاوەداننەکردنەوەی پیشەسازیی نوێی ئالۆکا، نوێنەری کاسبکارانی ئەو پیشەسازییە دەڵێت: "شوێنەکە دوورە و کەس نایەت، پیشەسازیی پشت ئۆتۆمبێلەکان زۆریان زێدەڕۆییان کردووە و کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئێمە هەیە. لەسەر شەقامە گشتییەکان و تەنانەت شووشتنگەکانیش هەموو شتێکیان داناوە و بازاڕی ئێمە ناهێڵێت. هەندێک دووکاندار دووکانەکانیان دابەشکردووە بۆ چوار و بە کرێی دەدەن."
 
"هەر کاسبکارێک لە مانگێکدا دووکانەکەی لە ئالۆکا نەکاتەوە، لێی وەردەگیرێتەوە"
 
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت، "1600 کاسبکار قەرەبوو کراونەتەوە. پیشەسازیی سەرەکیی شاری دهۆک، ئالۆکایە." گوتیشی، "300 دووکان پێشووتر دراونەتە کاسبکارانی نزارکێ ئەو کات بەپێی کارەکانیان رووبەری جیا جیامان پێیان داوە، نیگەرانین لە دابەشکردنی ئەو دووکانانە و هەندێکیان کراون بە دوو یان سێ یان چوار دووکان کە بەکرێیان داوە و وایکردووە جارێکی دیکە خەڵک لە ئالوکا بگەڕێنەوە ئەوێ کە دژی گرێبەستەکانیانە لەگەڵ حکومەت و دژی رێنمایی و یاسای حکومەتە. ئاگادارمان کردوونەتەوە دووکانەکان وەک خۆی لێبکەنەوە بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت".
 
 
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک هۆشداریی دەداتە ئەو کاسبکارانەی کە دووکانیان لە پیشەسازیی نوێی ئالۆکا وەرگرتووە و دووکانەکانیان نەکردووەتەوە و دەڵێت، "پێویستە لە ماوەی مانگێکدا دووکانەکانیان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە دووکانەکەی لێوەردەگیرێتەوە و ئەو پارەیەی لێی وەرگیراوە، پێی دەدرێتەوە و دووکانەکە بە کەسێکی دیکە دەدرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.