چین، برنجی کوردیشی کۆپی کرد
رووداو - سلێمانی
هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی بۆ باشووری كوردستان، بازاڕی بەروبوومی نێوخۆی كەمكردووە و خاوەنی ئاشەكانیش دەڵێن ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت ، تەنیا برنجی كوردی نا، بەڵكو هەموو بەرهەمی نێوخۆیی لەناودەچێت.
برنجی چینی، كە بە برنجی خڕ ناسراوە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بازاڕەكانی باشووری كوردستانی تەنیوە و هاونیشتمانیان ترسی تەندروستیشان لێی هەیە.
سەرەڕای ساغكردنەوەی برنجی چینی بەناوی برنجی كوردییەوە لە بازاڕەكاندا، بەڵام سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی سلێمانی، كە چاودێری بازاڕ دەكات گوتیشی ژمارەیەك جۆری زۆر برنج دێتە هەرێمی كوردستان و سەرجەمیان پشكنینیان بۆ دەكرێت.
برنجی چینی بە ڕێژەی لەسەدا 80 بازاڕی برنجی كوردی كەمكردووەتەوە و وەك خاوەن ئاشەكان باسی دەكەن ئەگەر لە رابردوودا رۆژانە 1 تۆن برنجی كوردی فرۆشرابێت، ئێستا 200 كیلۆش نافرۆشرێت.