عەقیدێکی پێشمەرگە بە تۆمەتی سەرپێچی دەستگیرکرا

07-04-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە پلەی عەقید، لە سنووری قەزای ئاکرێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی دەڵێت: دەستگیرکردنەکەی سیاسییە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: سەرپێچی لە ئەرک و فەرمانە سەربازییەکاندا کردووە.
 
ئیسلام زێباری، ئەفسەری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەیە بە پلەی عەقید، بەگوێرەی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی: "بەهۆی بڵاوکردنەوەی لێدوانی جیاواز لە میدیای و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رەخنەگرتن لە حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە، ساڵێکە بەرزکردنەوەی پلە و مووچەکەشی راگیراوە." ئەو ئێستا بەرپرسێکی باڵایە لە رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کە عەلی حەمەساڵح سەرۆکایەتی دەکات.
 
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و هۆكاری دەستگیركردنی كادری باڵای رەوتەكەیان (ئیسلام زێباری) بە "هەنگاوی سیاسی" و "كارێكی حیزبی و دۆسیەیەكی سیاسی" دەسەڵات دژ بە رەوتەكەیان پەسن دەكات.
 
لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، "لە رابردوودا ئیسلام زێباری دەیان دۆسیەی لەسەر خراپیی دۆخی پێشمەرگە و گەندەڵی لە سلكی سەربازی و بەحیزبیكردنی هێزی سەربازی بڵاوكردووەتەوە."
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "زیاتر لە ساڵێکە عەقید ئیسلام زێباری لەسەر سەرپێچییەکانی لە سلکی سەربازیدا، ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام گوێی پێنەداوە."
 
ئیسلام زێباری، دوێنێ یەکشەممە، لەکاتێکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی ئاکرێی کردووە، ئاگادارکراوەتەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکراوە و دەستگیرکراوە.
 
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لە راگەیێندراوێکدا داوا لە وەزیری پێشمەرگە دەكات زانیاری و روونكردنەوەی پێویست لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئیسلام زێباری بخاتە روو و رێگربێت لە "بەلاڕێدا بردنی دۆسیەكەی".  
 
تۆڕی 19، كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ دایانمەزراندووە و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی مافی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ـی جاڕنامەكە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە شەوی رابردوو عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی رەوتی هەڵوێست، تۆمارێكی دەنگیی ئیسلام زێباری بڵاوكردەوە، كە تێیدا دەڵێت: "بابەتەكە سیاسییە، چوون لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروستكردم لەسەر ئەو بابەتانەی كە لە ئینتەرنێت بڵاویان دەكەمەوە لەبارەی گەندەڵی و حزبایەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، لیژنەكە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركردم." 
 
رەوتی هەڵوێست لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت: "ئیسلام زێباری یەکێکە لە سەرکردەکانی رەوتی هەڵوێست لە بادینان؛ ئێمە ئەم دەستگیرکردنە بە کارێکی حیزبی و دۆسیەیەکی سیاسی دەزانین و داواکارین (ئیسلام زێباری) ئازاد بکرێت، هەروەها حیزبی دەسەڵاتدار واز لەو رەفتارە نادیموکراسییانە بهێنێت."
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ئۆکتۆبەری 2024 بەڕێوەچوو، ئیسلامی زێباری بەربژێری رەوتی هەڵوێست بوو لە بازنەی دهۆک، بەڵام دەنگی پێویستی بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستنەهێنا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییان

راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری ئێزدییان: 6 کچە رفێندراوی کوردی ئێزدی لە تورکیا دۆزرانەوە

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییان رایگەیاند، 6 کچە رفێندراوی کوردی ئێزدی لە تورکیا دۆزرانەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکەن بۆ هێنانەوەیان. هەروەها ئاشکرای دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان لە کەمپی هۆل هەن، کە ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن