پسپۆڕێکی چاندن و کەشناسی: بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ 75٪ کەمدەبێتەوە

07-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دروێنەی گەنم لە سنووری هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دروێنەی گەنم لە سنووری هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان نوێ نییە و لە ساڵانی حەفتا تاوەکو نەوەتەکان هەبووە، بەڵام وشکەساڵی ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە جیاوازە لەوانەی رابردوو. دەشڵێت، "ئەم ساڵ بەراورد بە پار، گەنم و جۆ 75٪ کەمدەکات."
 
لوقمان موفتی، پسپۆڕی چاندن و کەشناسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 17:00 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سەرەتای 2000ـەوە هەشت ساڵ وشکەساڵی بووە، ئەم ساڵیش بەهۆی (دیاردەی لانینا) پێشبینیی وشکەساڵیان کردبوو، بەڵام بەو رادەیە نا.  
 
لوقمان موفتی گوتی: "بەشێوەیەکی گشتی 11 ساڵ جارێک یان حەوت ساڵ جارێک وشکەساڵی روودەدات."
 
ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بارانی کەم باریوە، هەرچەندە هێشتا وەزارەتی کشتوکاڵ بە فەرمی وشکەساڵی رانەگەیاندووە، بەڵام ئەو پسپۆڕەی کشتوکاڵ و کەشوهەوا دەڵێت: "ئەم ساڵ وشکەساڵییە و هەر زۆریش وشکەساڵییە، بە تایبەتی بۆ هەولێر و دهۆک هەر سێ جۆری وشکەساڵییە، ئەوانیش میترۆلۆژی، واتە چەند باریوە، هایدرۆلۆژی، واتە ئاستی ئاوی ژێر زەوی، هەروەها وشکەساڵی کشتوکاڵی."
 
خاکی هەرێمی کوردستان لە رووی کشتوکاڵییەوە دابەشبووە بەسەر ناوچەی بارانی مسۆگەر و ناوچەی بارانی نامسۆگەر، لوقمان موفتی دەڵێت: "ئەم ساڵ لە ناوچەکانی بارانی مسۆگەریش وەکو شەقڵاوە و ئاکرێ، دەشتی هەولێر و هەریر و چەمچەماڵ، لەوێش کێشە دروست بووە و باران کەم باریوە."
 
لەبارەی ناوچەی گەرمیانیش لوقمان موفتی گوتی: "دۆخی ئەوێش باش نییە، رەنگە 40٪ بۆ 50٪ـی دانەوێڵەی جووتیارانی ئەوێ لە نێوبچێت." 
 
لە سلێمانی و هەڵەبجەش ئەم ساڵ بەراورد بە پار، بارانی کەمتر باریوە، بەڵام لوقمان موفتی دەڵێت: "دۆخی ئەو دوو پارێزگایە بەراورد بە هەولێر و دهۆک باشترە، بەڵام ئەوانیش وشکەساڵی میترۆلۆژی و هایدرۆلۆژیان هەیە." 
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەدا، مەرج نییە کە باران زۆر ببارێ، بەرهەم زۆر بێت و دەشڵێت: "پێرار باران کەم بوو، بەرهەم زۆر بوو، پار باران زۆر بوو، بەرهەم کەم بوو."
 
بە گوتەی لوقمان موفتی "ئەم ساڵ ساڵێکی زۆر خراپ دەبێت سەبارەت بە گەنم و جۆ. چونکە زۆربەی بەرهەمی گەنم و جۆ لە دەشتی هەولێر و دهۆکە، نیوەی بەربوومی ناوچەی بارانی مسۆگەریش باش نییە."
 
ئەو پسپۆڕەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی کرد، "بەرهەمی ئەم ساڵی گەنمی هەرێمی کوردستان بەراورد بە پار 75٪ کەم ببێتەوە."
 
ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو لە یەک ملیۆن تۆن. بەو پێیە بێت، ئەم ساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەنیا 250 هەزار تۆن گەنمیان دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە