رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 48 رۆژ هەوای پارێزگاکە پیس بووە و بە کەڵک نەهاتووە.
رۆژی دووشەممە 7ی نیسانی 2025، سەعید دزفولی نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-03-2025، واتە لە ماوەی ساڵێکدا هەوای شارەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان بەهۆی بەرزبوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، 44 رۆژ لە ئاستی هۆشداریدا بووە و بۆ خەڵکی وەک نەخۆش، منداڵان و بەساڵاچووان بەکەڵک نەهاتووە و ماوەی چوار رۆژیش هەوای پارێزگاکە لە دۆخی ئەوپەری خراپدا بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، پار بەراورد بە پێرار، پیسبوونی هەوا لە شارەکانی سەر بە پارێزگاکە زیادیکردووە، بە شێوەیەک بە درێژایی پێرار تەنیا 43 رۆژ هەوای پارێزگاکە پیس بووە.
بە گوتەی سەعید دزفولی نەژاد، لەو ماوەیەدا شاری کەنگەوەر بە 48 رۆژ هەوای پیس، لە ئاستی پارێزگای کرماشاندا یەکەم بووە، شارەکانی سەرپێل زەهاو و پاوە بە 15 رۆژ، قەسری شیرین بە 13 رۆژ و شائاباد بە حەوت رۆژ.
سەعید دزفولی نەژاد هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوای کرماشان، بۆ خۆڵبارین گەڕاندەوە و گوتی: "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، سەرچاوی سەرەکیی خۆڵبارینەکان لە دەرەوەی وڵاتە و بە تایبەت لە عێراق ، سووریا و سعودیە."
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ