نێچیرڤان بارزانی: بەغدا و هەولێر لە پەیوەندییەکی بەردەوامن کە مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق، بۆیە دەبێت بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە هەنگاوی باش نراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-04-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی کۆبوونەوەکانی دوێنی شەممە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوو."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، دۆخی بەغدا، پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێک لەو تەوەرانە بوون گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
بڕیارە رۆژی 15-04-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. بڕیارە کۆتایی ئەم مانگەش سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عیراق بکات و نێچیرڤان بارزانیش گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا باسی هەردوو سەردان کرا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد و گوتی، بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە هەوڵ و پەیوەندیی بەردەوام دان و ئاماژەی بەوەش کرد، "بەغدا دەبێت مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات، بەپێی ئەوەی کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق."
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە قسەی کرد و گوتی، "هیوادارین سەرجەم هێزە سیاسییەکان پێکەوە بگەنە قەناعەت و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت."
 
 
10ى حوزەیرانى 2024 بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
1ی نیسانى 2024 جومانە غەلاى بە رووداوى راگەیاند، دوو هاوپەیمانێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.
 
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
کۆبوونەوەکانمان باش بوون؛ دوێنێش باسم کرد،کۆبوونەوەی باشمان هەبوو، چی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و چی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و چی لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
 
ئێمە لەو کۆبوونەوانەدا بابەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا؛ هەروەها دۆخی بەغدا، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکامان باس کرد.
 
بە نیسبەت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بێگومان من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی کە پەیوەندی هەبووە بە ئێمەوە پڕۆژەکەمان دەستنیشان کردووە؛ هیوادارین هێزە سیاسییەکان هەموویان پێکەوە بگەنە قەناعەت و تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت.
 
ئەوەی کە ئێستا دەیبینم، لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، چی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چی سەرۆکوەزیران لە بەغدا لە پەیوەندییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی مەسەلەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و وای لێبێت کە مووچە نەبێتە هەواڵ. بێگومان ئەوە (مووچە) مافێکی سرووشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ خۆڕاگریان کە تاوەکو ئێستا خۆڕاگر بوون. دەبێ بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات، بەپێی ئەوەی کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق.
 
سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق تەوەرێکی دیکە بوو کە لە کۆبوونەوەدا باسمان کرد. تاوەکو ئێستا وەکو پرۆتۆکۆل باسی سەردانی بۆ هەولێر نەکراوە، تەنیا باسی ئەوە کراوە کە سەردانی بەغدا دەکات.
 
لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقیشدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی ئەمریکادا بەشدار دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی شاندی عێراقدا.