نرخی زێڕ بەرزە و خواست لەسەری کەمە؛ 'چاوەڕوان دەکرێت بەرزتریش بێت'

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی حەوت رۆژدا هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 20 هەزار دینار گران بووە، ماوەیەکی زۆرە بەهای زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و دابەزینی تۆمار نەکردووە.
 
عیسا مەجید، گەنجێکی شارەزایە لە زێڕ و ساڵانێکە لە قەیسەریی هەولێر دووکانی هەیە، دەڵێ "زێڕ، هێندە گران بووە؛ ژنهێنانیش کەم بووەتەوە، خەڵک زیاتر دەفرۆشن نەوەک بیکڕن."
 
حاجی حەمید، لە منداڵییەوە لە بازاڕی زێڕفرۆشان و قەیسەریی هەولێر زێڕنگرە، دەڵێ "56 ساڵە نەمبینیوە زێڕ هێندەی ئەو ماوەیە گران بێت؛ ئەو پارچە زێڕەی سەردەمانێک بە بەهای 10 هەزار دۆلار بوو، ئێستا بە 70 هەزار دۆلارە."
 
بەگوتەی زێڕنگرەکان خواستی زۆر و ناسەقامگیریی بازاڕی ئابووری هۆکاری گرانبوونی زێڕن، ئەوان چاوەڕوان ناکەن بەم نزیکانە زێڕ هەرزان بێت، بەڵکو پێیان وایە هێشتا زیاتر بەرزدەبێتەوە.
 
حاجی حەمید لە منداڵییەوە لە بازاڕی زێڕ کار دەکات، ئەو دەڵێت 56 ساڵە زێڕی بەم گرانییە نەبینیوە، ئەوەی سەردەمانێک 'بە دەفتەرێک دۆلار بوو، ئێستا سەروو حەوت دەفتەر دۆلارە.'
 
حاجی حەمید مەجید گوتی "یەکەمجارە ئۆنسەیەکی زێڕ بگاتە 2329 دۆلار. زێڕ، هەر هەرزان بووە، بەڵام لە 2003ـوە تائێستا حەوت قاتی هاتووەتە سەر. لە ساڵی 2003 کیلۆی زێڕ بە 10 هەزار و 100 دۆلار بوو، لە ساڵی 97 هاتە 8700دۆلار بۆ یەک کیلۆ، کەچی ئێستا بە 74 هەزار و 800 دۆلارە. بەگشتی لە جیهان زێڕ گران بووە، ئەمریکا دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕ و نرخی دۆلار دادەبەزیت، لەبەرامبەردا زێڕ گران دەبێت."
 
بەرزبوونەوەی نرخەکان وای کردووە ژمارەی کڕیارەکان کەم ببێتەوە. ئەوانەشی زێڕ دەکڕن خواستیان لەسەر بڕێکی کەمە.
 
کاروان سەردار، زێڕنگرە لە هەولێر و دەڵێ "کڕین کەمترە، ئێستا خەڵک زیاتر دەیفرۆشن و بازاڕ سستە، خەڵک کەمتر زێڕ دەکڕن، بۆچوونمان وایە؛ چەند زێڕ گران بێت، بازاڕ خراپتر دەبێت و سستی پێوە دیارە."
 
خواستی زۆر لەسەر زێڕ وەکو وەبەرهێنانێکی پارێزراو لە بازاڕێکی ئاڵۆز، هەروەها ناسەقامگیریی ئابووری لە جیهان، دوو هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر لەبارەی نرخی زێڕ دەڵێ "لەدوورمەودا، من پێموانییە نرخی زێڕ دابەزێت و بشکێت، لە نزیکمەودا رەنگە کەمێك دابەزێت، بەڵام ئاراستەی جیهانیی زێڕ بۆ ئەوەیە؛ رووی لەبەرزییە."