بەڵگەفیلمێکی رووداو بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتی وێبی لە ئەمریکا

07-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بەڵگەفیلمەکەی رووداو
بەڵگەفیلمەکەی رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بۆ خەڵاتی وێبی بەربژێر کرا، ئەوەش یەکەم کاری میدیاییە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتبێت و لە خەڵاتی وێبی کێبڕکێ لەگەڵ باشترین و سەرنجڕاکێشترین بەڵگەفیلمەکانی جیهاندا دەکات. 
 
بەڵگەفیلمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە( Travel and Lifestyle)، رکابەری لەگەڵ چەند بەڵگەفیلمێکی ئەمریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی دەکات. هەندێک لە بەڵگەفیلمەکان لەلایەن دەزگای وڵاتانەوە پاڵپشتی کراون. 
 
 
هەنگاوەکانی دەنگدان: 

رۆژ عەلی زاڵە، پێشکێشکار و پرۆدیوسەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، گەیشتنی بەڵگەفیلمێکی کوردی بۆ ئەو خەڵاتە جیهانییە کە لە شاری نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، خۆی لە خۆیدا بردنەوەیەکی گرنگە بۆ هەموو کوردزمانێک و میدیاکارێکی کورد و عێراقی، ''سەتان هەزار کەس کارێکی کوردی وەکو یەکێک لە ناوازەترین کارەکانی ساڵ و گێڕانەوەی چیرۆکی کۆرۆوای بە کوردی دەبینن.''
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا کاری تۆمارکردنی کراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تا ساڵی 1970کان نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە. 
 
خێڵی کۆرۆوای وەکو دوا خێڵێک دەناسرێن کە ئەزموونی خواردنی گۆشتی مرۆڤیان کردووە و دەکەن. بەپێی بڕوایەکی خێڵەکە، هەندێ جار مرۆڤ جەستەی لەلایەن رووحێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت کە بە خاخوا دەناسرێت. لە ئەگەری گومان کردن لە کەسێک وەکو خاخوا، ئەندامانی دیکەی خێڵەکە، کەسی بە خاخوا بوو دەکوژن و گۆشتەکەی دەخۆن و بەو شێوەیەش بڕوایان وایە خاخواکە لەنێو دارستانەکە دوور دەخەنەوە. 

 

 
خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەم ساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە. 
 
خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا؛ بەشێوەیەک زۆرێک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەبەن. 
دوو پرۆسە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان هەیە، سەرەتا بەربژێرەکان لەلایەن IADAS هەڵدەبژێردرێن و دواتر براوەکان لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەری جیهانییەوە دیاری دەکرێن.  هەروەها بەشێکی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێت. 
 
بردنەوەی خەڵاتەکە ئاماژەیە بۆ لێهاتوویی و لەپێشبوون لە تەکنیکە دیجیتاڵییەکان؛ لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەر یەکە لە کۆمپانیای گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلێکس، سناپچات و چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی پێشەنگی جیهانی هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە