کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 886 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناویان پێشکێش کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناویان پێشکێش کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستیان بە زیاتر لە 45 هەزار چاودێرە بۆ هەڵبژاردنەکە.
 
رۆژی یەکشەممە 07-04-2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "886 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان پێشکێش کردووە؛ لەو ژمارەیە 609 بەربژێریان نێر و 277یان مێن."
 
بەپێی ئەو ئامارە و بە رەچاوکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمدا، کە 100 کورسی دەبن، هەر کورسییەک 8 بۆ 9 بەربژێر رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن.
 
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی بەربژێران کۆتایی نییە و هێشتا لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونیان دەکرێت، ژمارەی کۆتایی بەربژێران پێویستی بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە.
 
سەبارەت بە چاودێرانی سندووقەکانی دەنگدان، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "کۆمیسیۆن پێویستی بە زیاتر لە 45 هەزار کەس لە فەرمانبەران، خوێندکاران و دەرچووانی پەیمانگە و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆئەوەی لە رۆژی دەنگداندا ببنە چاودێری سندووقەکان".
 
جومانە غەلای گوتیشی، "زیاتر لە 1200 بنکەی دەنگدان کە زیاتر لە 6000 وێستگە لەخۆدەگرن، بۆ هەڵبژاردنەکە ئامادە دەبن؛ هەر وێستگەیەک چوار بۆ پێنج چاودێری تێدا دەبێت."
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن میکانیزمەکانی دیاریکردنی چاودێرەکانی دیاریکردووە.
 
سەبارەت بە مەرجەکانیش، جومانە غەلای گوتی، دەبێت تەمەنی ئەو چاودێرانە لەنێوان 19 بۆ 55 ساڵ بێت، هەروەها دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە وەکو چاودێر تێیدا دەبێت.
 
1ى نیسانى 2024 جومانە غەلاى بە رووداوى راگەیاند، دوو هاوپەیمانێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە.
 
10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.