وەزارەتی پەروەردە: دزەپێکردنی پرسیارەکان سزاکەی لانیکەم سێ ساڵ بەندکردنە


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەر کەسێک دزە بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بکات بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت بەند دەکرێت، ئەگەر کەسەکە ئەندامی لیژنەی تاقیکردنەوەکان یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان هەڵگرتنی پرسیارەکان شەش ساڵ بەند دەکرێت و بە تاوانی ئابڕووبەر هەژماردەکرێت و لە کارەکەشی دەردەکرێت، بەڕێوەبەرێکی پەروەردەش دەڵێت: "سزاکە بەپێی یاسای نوێی پەروەردەیە." 
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە ماددەی 83ـی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2022 کە یاسای پەروەردە و فێرکردنە، بڕیارێکی لەبارەی مامەڵەکردن بە پرسیاری تاقیکردنەوەکانەوە دەرکرد، کە لە رۆژی 5-4-2023، بە ژمارە 186 و بە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە دەرچوو، بڕیارەکە چوار بڕگە لەخۆدەگرێت و تێیدا هاتووە:
 
- هەرکەسێک دزە بە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بکات، یان زانیاری لەبارەیانەوە بدرکێنێت، یان مامەڵەی پێوەبکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت.
 
- ئەگەر ئەو کەسە ئەندامی لیژنەی تاقیکردنەوەکان یان تایبەتمەندبوو بە گواستنەوە یان پاراستن یان هەڵگرتنی پرسیارەکان سزاکەی دەبێت بە دوو هێندە و بە تاوانی ئابڕووبەر هەژماردەکرێت و لە کارەکەشی دەردەکرێت.
 
- ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر یان کارمەندێکی دیکەی حکومەت بوو، بڕگەی دووەمی بەسەردا جێبەجی دەبێت.
 
- ئەو تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات خەسڵەتی تاوانکاری لەدەست نادات.
 
رۆژی هەینی، 7-4-2023، دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بڕیارە نوێیە بەپێی یاسای پەروەردەی هەرێمی کوردستانە و لەمەودوا بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دزە بە پرسیارەکان دەکەن یان ئاشکرایان دەکەن."
 
لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەدا کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە نێردراوە، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە لەکاتی روودانی هەر کەیسێکی تاوانکاری لەو جۆرە پێویستە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ لە هەمان رۆژدا نووسراو ئاڕاستەی دادگەی لێکۆڵینەوەی ئەو سنوورە بکات، کە تاوانەکەی تێدا کراوە و تەواوی دۆکیۆمێنتەکانی هاوپێچ بکات بۆ دادگەی لێکۆڵینەوە و وێنەیەکی دۆکیۆمێنتەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی پەروەردەی گشتی بپارێزێت.
 
ساڵانە دەنگۆی دزەپێکردن و ئاشکراکردنی پرسیارەکانی بڵاودەبێتەوە. هەندێک لەو دەنگۆیانەش راست دەردەچن، وەک ئەوەی لەساڵی 2016 روویدا، کاتێک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دانپێدانانی حەوت قوتابیی بڵاوکردەوە کە لە دزەپێکردنی پرسیارەکان تێوەگلابوون.