جووتیار عادل لە وەڵامی قوباد تاڵەبانی: خۆی دزیوەتەوە و بندیوارە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیێندراوێکی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات، "بۆیە کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نییە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر گوتەبێژی حکومەت بدات."
دوای هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتووەتە ئاراوە."
لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین. لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە؛ جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا."
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت لە راگەیێندراوێکی دیکەدا و لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرۆشی دۆخی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێت و بتوانین بە بێ کۆسپ و تەگەرە و بە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتیانمان بکەین."
گوتەبێژی حکومەت باسی لەوەش کردووە کە "ئەو لایەنە سیاسییەی کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتی دەکات، رێگرە لە کاروباری حکومەت و دامودەزگاکانی، هەروەها حکومەتی لە سنووری سلێمانی خستووەتە بن هەژموونی ئەجێنداکانی حیزبەکەی، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە لە دۆخێکی ناهەمواردان."
جووتیار عادل درێژە بە قسەکانی دەدات و دەشڵێت، "بەداخەوە، لە جیاتی ئەوەی کاک قوباد، هاوکار بێت و لە کەناڵەکانی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکان بکات، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات. بۆیە کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نیە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر گوتەبێژی حکومەت بدات."