بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گرژی سیاسی بەدواداهات

رووداو - سلێمانی 

ئەو رووداوەی ئەمشەو هەینی 7ی نیسانی 2023 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی روویدا ، بەپێی زانیارییە بەفەرمی رانەگەیێندراوەکان، بەهۆی ئەوەبوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و گەیشتووەتەوە رۆژئاوای کوردستان. هەسەدەش لە راگەیێندراوێکدا رەتیدەکاتەوە مەزڵووم عەبدی لە هێرشەکەدا کرابێتە ئامانج. ئەو رووداوەش جارێکی دیکە ناکۆکی خستەوە نێوان گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتەوە .
 
مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی بووە
 
کاژێر 4:18ی خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ 7-4-2023 لە نزیک شوورەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانیی فڕۆکەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە. 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی تەقینەوەکەوە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "شوێنێکی نزیک لە سنووری دەرەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانی و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتەوە". 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی نێو ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەستیکەوتوون، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە سلێمانی هەبووە بە بەشداری شاندێکی باڵای هەسەدە و دوای کۆبوونەوەکە ئەو هێرشە روویداوە. 
 
سەرچاوەکانی ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداویان گوت، لەو کۆبوونەوەیەدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو هێزەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا  لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون. 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی نەبووە و دوای کۆبوونەوەکەش مەزڵووم عەبدی بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان، پێدەچێت هێرشەکە هۆشداری بووبێت بۆ ئیدارەی سلێمانی، زیاتر لەوەی مەبەست لێی کوشتنی مەزڵووم عەبدی بووبێت. 
 
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە شاندێکی رۆژئاوای کوردستان لە سلێمانییە. رۆژی پێنج شەممە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری سووریای دیموکرات- مەسەدە لە سلێمانی سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کرد. تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەژماری خۆی لەوبارەوە نووسی: "هەستێكی زۆر خۆشە كە گوزارشت ناكرێت؛ هەڤاڵانمان لە رۆژئاوای كوردستان و خۆبەڕێوەبەری باكوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە سەردانیان كردین و دیاری یەپەژەیان پێشكێشكردین بەبۆنەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنیانەوە". 
 
سەرکۆنەکردنی حکومەت و وەڵامدانەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
رووداوەکەی سلێمانی هەر زوو کاردانەوەی جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە بەدوادا هات و راگەیێندراوەکەش کاردانەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی بەدوادا هات. 
 
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەت لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتووەتە ئاراوە."
 
گوتەبێژی حکومەت هێرش دەکاتە سەر یەکێتی و دەڵێت "رەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حیزبی لە سنووری سلێمانی کاری گەیاندە ئەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دابخرێت و دواتر پەلامار بدرێت، لە ئەنجامیشدا هاووڵاتیانمان لەو دەڤەرە باجی هەڵەکانیان بدەن."
 
لە راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەتدا هاتووە، "‏‎پێویستە کۆتایی بەم کارە ناڕەوایانە بێت و دەسەڵاتی حکومەت بگەڕێتەوە و حوکمڕانییەکی شایستە کە شایانی خەڵکی سلێمانی بێت و لە خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیدا بێت، جێگیر بکرێت و کۆتاییش بەو دۆخە ئاڵۆزەی ئەو دەڤەرە بێت و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی سەربەرزی سلێمانی دەستەبەر بکرێت."
 
دوای ئەو راگەیێندراوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی کورت دا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و گوتی "بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکەین. بە ئامانج گرتنی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عێراقە. بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی کوردستان".  
 
لەبارەی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت " لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حیزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە بەناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین". 
 
جووتیار عادل: هەوڵ دەدەین ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێت

لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی بووە هۆی ئەوەی وەڵامدانەوەی جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدواوە بێتەوە. 

جووتیار عادل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی دۆخی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێت و بتوانێت بێ کۆسپ و تەگەرە و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتیان بکەن. 

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە رێگرە لە کاروباری حکومەت و دامودەزگاکانی و دەڵێت، ئەو حیزبە "حکومەتی لە سنووری سلێمانی خستووەتە بن هەژموونی ئەجێنداکانی حیزبەکەی. بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە لە دۆخێکی ناهەمواردان". 

جووتیار عادل رووی دەمی دەکاتە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت "بەداخەوە، لە جیاتی ئەوەی کاک قوباد هاوکار بێت و لە کەناڵەکانی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکان بکات، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات. بۆیە کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نییە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر گوتەبێژی حکومەت بدات".
 
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکە نییە 
 
هاوکات رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرکۆنە کرد و دەڵێت: "هیچ پاساوێك نییە بۆ هێرشی ناڕەوای سەر فڕۆکەخانەی مەدەنی سلێمانی، وەك چۆن هەموو هێرشەکانی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر ناڕەوابوون."
 
رێواز فایەق لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا دەنووسێت: "حکومەتیش واجبیەتی بە هەمان پێوەر مامەڵە لەگەڵ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بکات؛ شەرمەزاری بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە و هەرکەس هێرشەکە بە رەوا دەبینێت".  
 
پارێزگاری سلێمانیش لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "پاراستنی ئارامیی هاووڵاتیان و ئاسایش و سەقامگیریی سلێمانی و هەرێمی کوردستان؛ ئەرکی هەموومانە. بۆیە داواکارین هەموو لایەک هاوکار و هاوئاهەنگ بن بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم رووداوە نەخوازراوانە".
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر هەروەها دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو رێگرییانەی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هاتوونەتە ئاراوە. 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر رووی دەمی دەکاتە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، گرنگە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بهێنن و کوردستان نەکەنە قوربانی ململانێکانی خۆیان و داوا لە وڵاتانی ناوچەکەش دەکات "سلێمانی و کوردستان نەکەنە شوێنی یەکلاکردنەوەی ئەجێندا تایبەتەکانی خۆیان". 
 
بافڵ تاڵەبانی: دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست 

هەر لەو بارەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بە تووندی سەرکۆنە کرد و گوتی، ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە. 

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، یەکێتی لە رابردوودا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد پشوودرێژ بووە، بەڵام "بەردەوامیی رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی لەژێر سایەی حکومەتێکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست".

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "ئێمە شانازی بە کوردبوون و کوردایەتیی خۆمانەوە دەکەین. کوردستانمان لە دڵماندا هەڵگرتووە و لەپێناو ژیانی خەڵکەکەمان رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان بووینەتەوە و دەبینەوە. تێکدانی ئارامیی هەرێم و شاری سلێمانی هێڵی سوورە".
 
هەسەدە: بەئامانجکردنی مەزڵووم عەبدی راست نییە

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەبارەی دۆخەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە نەکردووە کە مەزڵووم عەبدی لە کوێ بووە، بەڵام دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانەی بانگەشەی بەئامانجکردنی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەکەن هیچ راستییەکیان نییە". 

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت، مەزڵووم عەبدی سەرقاڵی راپەڕاندنی کاری خۆیەتی و "ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە هەراسانکردنی سیاسییە دژی هەندێ هێزی هەرێمی کوردستانی عێراق."