رووداو دیجیتاڵ
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەڵێت، شوێنێکی نزیک لە سنووری دەرەوەی فڕۆکەخانەکە "بەر هێرشێکی ئاسمانیی کەوت و سوپاس بۆ خودا؛ هیچ زیانێکی گیانی و ماڵیی لێنەکەوتەوە." داواش دەکات کۆتایی بە ناکۆکییە سیاسییەکان بهێندرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای دەکات کە سنووری دەرەوەی فڕۆکەخانەی شارەکە بەر "هێرشێکی ئاسمانی" کەوتووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی شوێنی هێرشەکە بکات و دەڵێت، "بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین و ناڕەزایەتیی خۆمان بەرامبەر تێکدانی ئاسایش و ئارامیی پارێزگاکەمان؛ دەردەبڕین."
پارێزگاری سلێمانی پێیوایە پاراستنی ئارامیی هاووڵاتییان و ئاسایش و سەقامگیریی سلێمانی و هەرێمی کوردستان؛ ئەرکی هەموو لایەنەکان و دەشڵێت، "داواکارین هەموولایەک هاوکار و هەماهەنگ بن؛ بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم رووداوە نەخوازراوانە."
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7-4-2023 وێنەی دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکرایەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
چەند میدیایەکی دەرەکیش دەڵێن، مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی بووە و دوو درۆنی تورکی لێدانی هوشدارییان ئاراستەی لای هەلیکۆپتەرەکەی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رزگاری بووە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە؛ سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئارامن و، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا؛ لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو رێگرییانەی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، هاتوونەتە ئاراوە."
پارێزگاری سلێمانی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات "کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بێنن و کوردستان نەکەنە قوربانی ململانێکانی خۆیان." داواش لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات "سلێمانی و کوردستان نەکەنە شوێنی یەکلاکردنەوەی ئەجێندا تایبەتەکانی خۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ