قوباد تاڵەبانی: بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تەقینەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و لێدوانێکی حکومەت لەوبارەوە دەڵێت، "بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین. لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە؛ جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7-4-2023 وێنەی دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکرایەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "نگەرانیی خۆمان بەرامبەر بە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕین. ئەم دۆخە ترسناکە لە ئەنجامی داگیرکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەکارهێنانیان بو کاری نایاسایی هاتووەتە ئاراوە."
 
دوای ئەو راگەیێندراوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا گوتی "بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکەین. بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عێراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی کوردستان."
 
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیێندراوەکەی حکومەت
 
بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەین. بە ئامانج گرتنی فرۆکەخانەیەکی مەدەنی نەک تەنها بەزاندنی سیادەی عیراقە، بەڵکو تەسعیدێکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیانی کوردستان. 
 
لەهەمان کاتدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە کە؛ جوتیار عادل گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە  و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین.
 
قوباد تاڵەبانی