مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن لە حکومەتی عێراق دەکەن

07-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو - هەولێر

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێ، ئەمشەو لەگەڵ راوێژکاری وەزیری پەروەردەی عێراق کۆدەبنەوە و دەیانەوێت بودجە بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت. نوێنەرێکی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکانی ئەوان کۆببنەوە.
 
رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 09:00ـی شەو لەگەڵ راوێژکارێکی وەزیری پەروەردەی عێراق کۆدەبنەوە و داوا دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا بودجە بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت.
 
عەلی رەئووف گوتیشی، ئەوان هەوڵی زۆریان داوە بۆئەوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لانیکەم بیانکاتە گرێبەست، بەڵام داواکانیان جێبەجێ نەکراون؛ گوتیشی: "ئێمە داوای دامەزراندن لە حکومەتی عێراق دەکەین. بەگوێرەی یاسایەکی 1969ـی عێراق، وانەبێژ بوونی نییە و دەبێت بۆشاییەکان بە دامەزراندن پڕ بکرێنەوە. ئێمە ئەمشەو داوا دەکەین دیداری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقمان بۆ بڕەخسێندرێت".
 
هەروەها کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەردوو وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ کۆببنەوە؛ گوتیشی: "لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان قسەم کرد و بەڵێنیدا لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بۆ داواکانیان کۆبوونەوەکە بکرێت".
 
لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن راگیراوە، ئەوە لە کاتێكدایە بەگوێرەی رەشنووسی بودجەی 2023ـی عێراق، تەنیا لە دووساڵی رابردوودا زیاتر لە 830 هەزار کەس لە عێراق دامەزراون.
 
بە گوتەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 35 هەزار مامۆستای وانەبێژە.کەمترین مووچەی مانگانەی وانەبێژان 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینارە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین و لۆگۆی یەکگرتوو.

یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ سەڵاحەدین بەهائەدین تاکە بەربژێرە بۆ ئەمینداری گشتی

ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامی کۆنگرە دەبەستێت؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو رایگەیاند، نازانن لە کۆنگرەدا کەس خۆی بەربژێر دەکات یان نا؛ بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تاکە بەربژێر بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی تەنیا سەڵاحەدین بەهائەدینە.